سەردێڕ:

ڕۆیتەرز: لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا ١٥٠٠ کەس کوژراون

تارانی پایتەختی ئێران، دووەم ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتە
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-12-24

2702 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە سەروبەندی دوو هەفتەی یەکەمی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا نزیکەی ١٥٠٠ کەس کوژراون.

ئاژانسی هەواڵیی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، کە سێ بەرپرسی باڵای وەزارەتی ناوخۆی ئێران بە ئاژانسەکەیان ڕاگەیاندووە، لە کەمتر لە دوو هەفتەی سەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئێراندا، نزیکەی ١٥٠٠ کەس کوژراون کە نزیکەی ٤٠٠یان ژن بوون و بەلایەنی کەمیشەوە ١٧یان مێردمنداڵبوون و هاوکات، لەگەڵ ژمارەیەک لە هێزە ئەمنییەکان.

ئەوەش هاتووە، ئەو بەرپرسانەی وەزارەتی ناوخۆی ئێران کە سەرچاوەی هەواڵەکەی ڕۆیتەرزن، زانیارییەکانیان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان، مەیتخانەکان، نەخۆشخانەکان و چەند دامەزراوەیەکی دیکەی حکومەتی ئەو وڵاتەوە بەدەست گەیشتووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەم ئامارەی ڕۆیتەرز بەرزترە لەو ئامارەی لە ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگەدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە بەوەی ٣٠٤ کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا کوژراون. هاوکات، لە ئامارەکانی ئەمریکاش بەرزترە کە ماوەیەک لەمەوبەر باسیان لەوەکردبوو، دەکرێت ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران بگاتە ١٠٠٠ کەس.

بەھۆی گرانبوونی نرخی بەنزینەوە کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ئابوری ئێرانەوە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، لە ١٥ی مانگی ڕابردوودا خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەرفراوان ئەو وڵاتەی گرتەوە و سەدان و هەزاران کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

هـ.ب