سەردێڕ:

کوڕێکی خاشقچی: متمانەمان بە دادگای سعودیە هەیە و لە بڕیارەکەی ڕازین

سەڵاح خاشقچی، کوڕی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنوسی سعودی
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-12-23

3245 جار خوێندراوەتەوە

کوڕێکی جەمال خاشقچی لە تویتێکدا ڕایگەیاند، ئەوان متمانەیان بە دادگای سعودیە هەیە و لە بڕیاری دادگای ئەو وڵاتە، سەبارەت بە کەیسی باوکی، ڕازین.

سەڵاح خاشقچی، کوڕی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنوسی سعودی کە ساڵی پار لە تورکیا کوژرا، لە تویتەرەکەی خۆیەوە ڕایگەیاند، "متمانەمان بە بە دادگای سعودیە هەیە و لەسەر هەموو ئاستێک ڕازین لەسەر بڕیارەکەی".

هاوکات، ئەمڕۆ دووشەممە، میدیاکانی سعودیە بڵاویانکردەوە، بەتۆمەتی کوشتنی ڕۆژنامەنوسی سعودی، جەمال خاشقچی، دادگای گشتیی ئەو وڵاتە سزای لەسێدارەدانی بۆ پێنج کەس دەرکرد و ١٠ کەسی دیکەش کە لەناویاندا ڕاوێژکاری پێشووی دادگای پادشایەتی سعودیە هەیە، لەبەر ئەوەی هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر ساغ نەبووەتەوە، ئازادکراون.

جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنوسێکی دیار و ڕەخنەگرێکی جدی دەسەڵاتدارانی سعودییە بوو کە وتارەکانی لە رۆژنامەی بەناوبانگی واشنتۆن پۆستدا بڵاودەبوویەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، خاشقچی لە ڕێککەوتی ٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ لە کونسوڵخانەی سعودییە لە شاری ئەستەنبوڵی تورکیا، لەلایەن ژمارەیەک کەسەو کوژرا و جەستەکەشیان پارچە پارچەکرد، دواتریش پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی محەمەد سەلمان، شازادەى جێنشینی سعودیە کرا.


هـ.ب