سەردێڕ:

فراکسیۆنى کۆمەڵ: لە هەرێمدا ٦٢ هەزار کەس دوو موچەیان هەیە

فۆتۆ: 
2019-12-16

3187 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵ رایگەیاند، لە هەرێمى کوردستاندا ٦٢ هەزار کەس دوو موچە وەردەگرن، بەڵام لە پڕۆژەیاساى چاکسازیدا باسى ڕێکخستنیان نەکراوە.

عەبدولستار مەجید سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى لە پەرلەمانى کوردستان لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، دەبوایە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى چاکسازیدا ئەو دەرماڵانەى ڕێکخستبوایە کە نایاسایین.

ڕاشیگەیاند، حکومەتى هەرێم داهاتى زیادیکردووە و پێویستە وادەیەک دیاریبکات بۆ گێڕانەوەى موچە پاشەکەوتکراوەکانى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.

ئاماژەى بەوەشکرد، پڕۆژەیاسای چاکسازى ناتەواوە، چونکە باسى داهاتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و داهاتى فرۆشتنى نەوتى تێدانیە.

ئەوەش لەکاتیکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە پەرلەمانى کوردستان خوێندنەوەى یەکەمى بۆ پڕۆژەیاساى چاکسازى کرد لە هەرێمى کوردستان و فراکسیۆنی نەوەی نوێش بەشداری دانیشتنی ئەمڕۆى پەرلەمانی کوردستانى نەکرد و ئەوەش وەک هەڵوێستیان لەسەر پڕۆژەیاساى چاکسازى و پێیان وایە چاکسازیکردن لە سێکتەرەکانى نەوت لە پێشترە وەک لە سێکتەرەکانى دیکەدا.