سەردێڕ:

کازم فاروق: چاکسازی دەبێت گشتگیر بێت نەك ڕووکەش

کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان
فۆتۆ: فەیسبووکی خۆی
2019-12-16

3556 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، چاکسازی دەبێت گشتگیر بێت و هەموو سێکتەرەکان بگرێتەوە، نەك رووکەش و سەتحی بێت.

کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، "چاکسازی فیعلی ئەوەیە کە داهاتی نەوت و غاز شەفاف بێت، هێزی پێشمەرگە سەربەخۆ و بە نیشتیمانی بکرێت، کۆمسیۆنێکی هەڵبژاردنی پاك و بێلایەن دروست بکرێت، داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان ئاشکرابکرێت، مووچە لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت و پاشەکەوتەکان بگەڕێندرێتەوە بۆ مووچەخۆران، هەلی کار بۆ دەیان هەزار گەنج و دەرچووی زانکۆ دابین بکرێت، کەرتی پەروەردە و تەندروستی و کشتوکاڵ و پیشەسازی باشبکرێن، خانەنشینی پلە باڵاکان ببڕدرێت".

ڕاشیگەیاندووە، "ئەمانە چاکسازی راستەقینەن نەك شەرعاندنی خانەنشینی وەزیر و پەرلەمانتار و پلەباڵاکان و کەمکردنەوەی قوت و موچەی فەرمانبەرانی ئاسایی".

هاوکات، فراكسیۆنی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، دژی خانەنشینکردنی وەزیر و پەرلەمانتار و پلە باڵاکانن لە هەرێمی کوردستان.

کاوە عەبدولقادر، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، "ئەوە دادگەرى نییە لە پاش چوار ساڵ لەکارى پەرلەمانتارى بە موچەیەکى بەرز خانەنشین بکرێت و دژى خانەنشینکردنى پلە باڵاکانین لە هەرێمى کوردستان".

ئاماژەى بەوەشکرد، وەک فراکسیۆنى نەوەى نوێ داواکارن کەمترین موچەى خانەنشینى لەهەرێمى کوردستان بکرێتە ٥٠٠ هەزار دینار.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە پەرلەمانى کوردستان خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاساى چاکسازى دەکات لە هەرێمى کوردستان و فراکسیۆنی نەوەی نوێش بەشداری دانیشتنی ئەمڕۆى پەرلەمانی کوردستانى نەکرد و ئەوەش وەک هەڵوێستیان لەسەر پرۆژەیاساى چاکسازى و پێیان وایە چاکسازیکردن لە سێکتەرەکانى نەوت لە پیشترە وەک لە سێکتەرەکانى دیکەدا.