سەردێڕ:

لوبنان.. خۆپیشاندانەکان گرژی و ئاڵۆزی تێکەوت

فۆتۆ: 
2019-12-15

1830 جار خوێندراوەتەوە

خۆپیشاندانەکانی لوبنان کە زیاتر لە دوو مانگە لە کەشێکی تاڕادەیەک ھێمن بەردەوامن، شەوی شەممە توندوتیژیەکی زۆری تێکەوت.

خۆپیشاندانەکانی لوبنان کە زیاتر لە دوو مانگە لە کەشێکی تاڕادەیەک ھێمن بەردەوامن، شەوی شەممە توندوتیژیەکی زۆری تێکەوت.

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس بڵاوی کردەوە، لە خۆپیشاندانەکانی شەوی شەممە بۆ یەکەم جار پۆلیس گولەی پلاستیکی لە دژی خۆپیشاندەران بەکارھێناوە.

بەپێی وتەی بەرپرسانی بەرگریی شارستانی لوبنان لە خۆپیشاندانەکانی بەیروتدا لانی کەم ٤٦ کەس برینداربوون، بەڵام بەرپرسێکی خاچی سوری لوبنانی بە میدیای فەرمی ئەڵمانیای وتووە، ژمارەی برینداران ٧٠ کەسی تێپەڕاندووە.

بەرپرسانی پۆلیسیش رایانگەیاندووە، لە گرژیەکانی بەیروتدا نزیکەی ٢٠ پۆلیسیش برینداربوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە رۆژی دوو شەممە میشل عەون سەرۆک کۆماری لوبنان لەگەڵ پەرلەمان کۆببێتەوە و پرسی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ تاوتوێ بکەن.

لە مانگی تشرینی یەکەمەوە خۆپیشاندان لە دژی خراپی دۆخی ئابوری و دارایی لوبنانی گرتوەتەوە و بەھۆیەوە سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە ناچاربوو دەستلەکاربکێشێتەوە.

بە پێچەوانەی خۆپیشاندانەکانی عێراق و خۆپیشاندانی ناوەڕاستی مانگی رابردووی ھاوڵاتیانی ئێران کە سەدان کوژراو و ھەزاران برینداریان لێکەوتوەتەوە، تا دوێنێ خۆپیشاندانەکانی لوبنان لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەدەچوون.