سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی وردەكاریی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكانی هەرێم و عێراق ئاشكرادەكات

فۆتۆ: 
2019-12-14

6094 جار خوێندراوەتەوە

ئێستا پڕۆژە یاسای چاکسازیی خانەنشینی و موچە و دەرماڵە لە پەرلەمانى کوردستانە، ئەگەر بەوشێوازەى کە حکومەت رەوانەى پەرلەمانى کردووە پەسەند بکرێت، موچەی خانەنشنی وەزیرو پەرلەمانتار و پلە باڵاکان چى لێ دێت؟ تاچەند جیاوازى دەبێت لەگەڵ عێراقدا؟

بەپێى پرۆژە یاسای چاکسازییەکەی هەرێم، موچەى وەزیرێکى هەرێم بەپێى ماددەی دووەمی پرۆژە یاساکە کە خانەنشین دەبێت بەم هاوکێشەیە موچەکەی هەژمار دەکرێت.

بەپێی پرۆژە چاکسازییەکەى حکومەتى هەرێم، %٢٥ی موچەکەی کە دەکاتە دووملیۆن و ٥٠ هەزاردینار + لەسەدا ٢.٥ی موچە و ساڵانی خزمەتی کە ئەگەر بەگریمانەیی ١٥ ساڵى خزمەت دابنێن دەکاتە  سێ ملیۆن و ٧٥ هەزاردینار، واتا موچەى وەزیرێک کە خانەنشین دەبێت، بەپێی ئەم پرۆژە یاساییە دەکاتە پێنج ملیۆن و ١٢٥ هەزار دینار، واتا تەنها ٨٧٥ هەزار دینارییان لێ کەمدەبێتەوە، چونکە ئێستا هەر وەزیرێک کە خانەنشین دەبێت بە تێکرا بڕى شەش ملیۆن دینار وەردەگرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە عێراقیش کە وەزیرێک خانەنشین دەبێت دوو ملیۆن و ١٠٠هەزار دینار وەک موچەی خانەنشینی وەردەگرێت، واتە موچەی خانەنشینی وەزیرێکی هەرێم سێ هێندەی موچەی خانەنشینی وەزیرێکی عێراقە.

جیاواز لە وەزیر، پەرلەمانتارێکی کوردستان موچە و دەرماڵەکەی هەشت ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینارە، کاتێک کە خانەنشین دەبێت موچەکەی هاوتای موچەی وەزیرێکی خانەنشین بووی هەرێمە، واتە پێنج ملیۆن و ١٢٥هەزار دینارە، بەڵام پەرلەمانتارێکی عێراق کە موچە بنەڕەتییەکەی شەش ملیۆن و ٢٠٠هەزار دینارە و ئەگەر بە گریمانەیی ١٥ ساڵ خزمەتیشی بۆ هەژمار بکرێت ئەوا موچەی خانەنشینییەکەی دوو ملیۆن و٣٢٥هەزار دەبێت، واتە موچەی خانەنشینی پەرلەمانتارێکی هەرێم سێ هێندەی موچەی پەرلەمانتارێکی عێراقە.

جیاواز لە وەزیر و پەرلەمانتار، موچە و دەرماڵەى بەرێوەبەرێکى گشتى لە هەرێم سێ ملیۆن دینارە، ئەگەر خانەشین بێت بەپێی پرۆژە یاسای چاکسازی هەرێم: %٢٥ی موچەکەی واتە ٧٥٠٠٠٠ + %٢.٥ی موچە و ئەگەر ٢٠ ساڵی خزمەتیش حساب بکرێت دەکاتە ملیۆنێك و٥٠٠ هەزاردینار، واتا بەرێوەبەرێکى گشتى کە خانەنشین دەبێت موچەکەى دەبێتەدووملیۆن و ٢٥٠ هەزار دینار.

بەڵام بەڕێوبەرێکی گشتی لە عێراقدا کە موچە بنەڕەتییەکەی دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزارە و ٢٠ ساڵى خزمەتیش حساب بکرێت، ئەوا موچەى خانەنشینیەکەى دەگاتە نزیکەى ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار دینار.

لەگەڵ ئەمانەشدا، لە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقدا ئاماژە بەوەدراوە، کە نابێت  کەمترین موچەی خانەنشینی لە ٤٠٠ هەزار دینار کەمتر بێت، بەڵام لە یاسای چاکسازی هەرێمدا باس نەکراوە کە کەمترین موچەی خانەنشینی چەند بێت؟ بەڵام ئەمە هێشتا پرۆژە یاسایە و دەتوانرێت جارێکی دیکە وردبینی تێدا بکرێتەوە و کەلێنەكانی پڕبكرێتەوە.