سەردێڕ:

تورکیا ھەژمونی سەربازیی خۆی لە قەتەر زیاددەکات

فۆتۆ: 
2019-12-14

3322 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ بە بەشداری بەرپرسە سەربازییەکانی تورکیا و قەتەر، بنکەی فەرماندەیی ھێزە ھاوبەشەکانی ئەو دوو وڵاتە، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کرایەوە.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ شەممە، ١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩، ھەریەکە لە خەلوسی ئاکار و خالید محمد عەتیە، وەزیرانی بەرگری تورکیا و قەتەر، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، پرۆتۆکۆڵێکیان بۆ ھاوکاریی سەربازیی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا واژۆکرد و بنکەی فەرماندەیی ھێزە ھاوبەشەکانی ئەو دوو وڵاتەشیان کردەوە.

وەزیری بەرگری تورکیا سەبارەت بەو پرۆتۆکۆڵە سەربازییەی ئەمڕۆ واژۆیانکرد ئاماژەی بەوەدا، "تورکیا ھەمیشە سەلماندوویەتی کە ھاوڕێی تەنگانەیە و لەمڕۆوە بنکەی ھاوبەشی سەربازیمان لەگەڵ قەتەردا دەبێت".

ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، لە ئەنقەرە، پایتەختی تورکیا سەرۆکی پەرلەمانی ھەردوو وڵات کۆبوونەوە و دواتر پەرلەمانی تورکیا پەسەندی کرد و لە کۆتاییشدا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا واژۆی کۆتایی لەسەرکرد.

پەیوەندی سەربازیی تورکیا و قەتەر لە حوزەیرانی ٢٠١٧وە بەھێزتربوو ئەوەش بەھۆی ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی لە کەنداودا درووستبوو کاتێک سعودییە، ئیمارات و میسر و چەندین وڵاتی دیکەی عەرەبی بە تۆمەتی "پشتیوانی لە تیرۆریزم" ئابوڵقەی ئابووری و سەربازییان خستە سەر ئەو وڵاتە.