سەردێڕ:

چیرۆکی ئەو قوتابییەی بەهۆى هەڵەى مامۆستایەکەوە ساڵێک خوێندنى فەوتا

فۆتۆ: 
2019-12-13

5546 جار خوێندراوەتەوە

لە پاریزگاى کەرکوک قوتابییەک لە کۆتایی ساڵدا پێیان وتوە کە دەرنەچووە، لە کاتێکدا ئەو دەرچووبوو بە هەڵە پێی وتراوە کەوتووە، بەوەش ساڵێکی تەمەنی ئەوقوتابییە بوە قوربانی هەڵەی کۆلێژەکەی.

شنۆ بەختیار کە قوتابی بەشی زیندەزانی کۆلێژی پەروەردەی زانستە پەتیەکانی کەرکوک بوو، لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٨ ساڵی چوارەمی خوێندنەکەی بوو، لە کۆتایی ساڵدا پێیان وتبوو کە دەرنەچووە، لە کاتێکدا ئەو دەرچووبوو.

شنۆ دوای دووبارەکردنەوەی ساڵێکی دیکەی خوێندن لە ٢٠١٨ بۆ ٢٠١٩ و تەواکردنی خوێندنەکە، مانگی ڕابردوو کاتێک چووە بڕوانامەکەی وەرگرێت، پێیان وتووە، کە ئەو ساڵی ٢٠١٨ دەرچووە و نەکەوتوو و بە هەڵە پێی وتراوە کەوتووە، بەوەش ساڵێکی تەمەنی شنۆ بوە قوربانی هەڵەی کۆلێژەکەی.

شنۆ جگە لە دووبارەکردنەوەی ساڵێک خوێندن، ئێستا خۆی بە دواکەوتوو دەزانێت بە بەراورد بە هاوڕێکانی، چونکە نەیتوانیوە ئەمساڵ داواکاری دامەزراندن پێشکەش بکات .

باوکی شنۆ پەیوەندی بەزانکۆکەوە کردووە، بە وتەی خۆی، پێیان وتوە دەبێت سکاڵا تۆمار  بکات بۆ وەرگرتنەوەی مافی کچەکەی، ئەو ئێستا لە دەستەی دەستپاکی کەرکوک سکاڵای تۆمار کردووە و چاوەڕوانی ئەنجامی سکاڵاکەیەتی .

ئێن ئاڕتی هەوڵیدا لێدوانی زانکۆی کەرکوک وەربگرێت لەبارەی کێشەکەی شنۆوە، بەڵام کۆسپەکان و ڕێوشوێنەکانی بەردەم ڕۆژنامەنوسان بۆ چونە نێو زانکۆی کەرکوک، ڕێگر بوون لە وەرگرتنی زانیاریەکان .

شنۆ دانیشتووی گوندی عەبدوڵا غانمی سنوری  قەزای داقوقە و ڕۆژانە نزیکەی ٦۰ کیلۆمەتری بڕیوە بۆ گەیشتن بە زانکۆکەی لە شارى کەرکوک.