سەردێڕ:

عێراق.. ئەو کەسە کێیە وەکو کاندیدى سەرۆکوەزیران ناوى دەهێنرێت؟

فۆتۆ: 
2019-12-13

15916 جار خوێندراوەتەوە

تەنیا پێنج ڕۆژ لە بەردەم لایەنەکاندا ماوە بۆ دیاریکردنى سەرۆکوەزیرانى عێراق و ناوى کەسێکیش لە شەقامى سیاسییدا بۆ ئەو پۆستە بڵاوکراوەتەوە.

ئەو وادەیەی لە بەردەم سەرۆکایەتى کۆماردا ماوە بۆ دیاریکردنى سەرۆکوەزیرانى نوێ بەرەو کۆتایی دەچێت و دەنگۆى ئەوەش هەیە محەمەد شیاع سودانى کاندیدی ئەو پۆستە بێت.

لە شارى بەغدا خۆپیشاندان بەردەوامە و خۆپیشاندەرانیش رایانگەیاند، رووداوى هەڵواسینى گەنجەکەى گۆرەپانى وەسبە نوێنەرایەتى ئەوان ناکات.

لە شارى دیوانیە خۆپیشاندەران داواى دەستەکارکێشانەوەى پارێزگار و جێگرەکەى دەکەن بە تۆمەتى گەندەڵى و بەهەدەردانى دارایی گشتى، دەستەى دەستپاکى پارێزگاکەش فەرمانى بانگهیشتکردنى بۆ پارێزگارى دیوانیە بە تۆمەتى تێوەگلانیان لە گەندەڵیەوە دەرکرد.

لە لایەکى دیکەوە کاردانەوەکان لە سەر رووداوەکەى گۆرەپانى وەسبە بەردەوامە، لەوبارەیەوە ئەحمەد سافی نوێنەری تایبەتی عەلی سیستانی لە وتاری هەینیدا داوای لە حكومەت و ئەنجومەنی دادوەری کرد لەبەرامبەر ڕووداوەكەدا لەئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و پێویستە بكەرانی تاوانەكە بەسزای یاسایی بگەیەندرێن.

سافی ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە حكومەت هەموو ئەو كەس و لایەنانە لە چەك دابماڵێت كە لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە فەرمییەكانی دەوڵەت چەكیان هەڵگرتووە.

سەبارەت بە چاكسازییەكانیش نوێنەرەکەى سیستانى ڕایگەیاند، کۆتایهێنان بە شەڕى تیرۆرگرنگە ومەرجەعیەت دووساڵ لەمەوبەر داوای لە حكومەت كردووە چاكسازی بكات بەڵام حكومەت لەو بوارەدا شكستیهێناوە و ئێستا عێراقییەكان دركیان بەوشكستە كردووە بۆیە دەیانەوێت خۆیان ڕووبەڕووی ئەو گەندەڵییە ببنەوە.

هاوکات لیژنەى مافى مرۆڤیش لە پەرلەمانى عێراق رەتیکردەوە گەنجە هەڵواسراوەکە بەشدار بووبێت لە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و داواشى لە داداگا و هێزە ئەمنیەکان کرد، ئەو کەسانە دەستگیربکەن کە بەرپرسن لە کوژران گاڵتەکردن بە تەرمى ئەو گەنجە لە گۆرەپانى وەسبە.

لەوەڵامدا خالید محنا، وتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عیراق رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکانیان لە تاوانى رووداوەکەى گۆرەپانى وەسبە بەردەوامە و تائێستاش هیچ کەسێک بەو تاوانە دەستگیرنەکراوە.

لە لایەکى دیکەوە ئەو کاتەی لە بەردەم سەرۆکایەتى کۆماردا ماوە بۆ دیاریکردنى کاندیدێک بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە، محەمەد شیاع سودانیش کە پێشتر لە میدیاکانەوە وەک کاندید بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران ناویدەبرا، دەستلەکارکێشانەوەى خۆى راگەیاند لە حزبى دەعوە بە سەرۆکایەتى نورى مالکى و هەروەها لە هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا لە پەرلەمانى عیراق.

سودانى راشیگەیاند، ئەو کاندیدى هیچ حزبێک نیە بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران، دەنگۆى ئەوەش هەیە کە ناوبراو لەلایەن هەردوو هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا و فەتحەوە پشتگیرى بکرێت بۆ ئەو پۆستە.

لای خۆشیەوە عیتابی پەرلەمانتار لە هاوپەیمانى سائیرون رایگەیاند، کاندیدى نوێى سەرۆکوەزیران دەبێت پێشتر بەشدار نەبووبێت لە پرۆسەى سیاسیدا.