سەردێڕ:

وردەکارییەکى نوێى پڕۆسەى دەستگیرکردنى سەدام حسێن ئاشکراکرا

لە ساڵیادى دەستگیرکردنیدا
فۆتۆ: 
2019-12-13

78085 جار خوێندراوەتەوە

لە ساڵیادى دەستگیرکردنى سەدام حسێندا چەند وردەکارییەکى نوێى پڕۆسەى دەستگیرکردنەکە لەلایەن چەند شایەتحاڵیکەوە ئاشکراکرا.

چەند سەرکردەیەکی عەرەب لە مێژوودا لە سێدارەدراون و ملیۆنان کەسیش وێنە و ڤیدیۆی ساتی لە سێدارەدانی ئەو سەرکردانەیان بینیوە، یەکێک لەو سەرکردانەش سەدام حسێن بوو کە ٢٤ ساڵ حوکمی عێراقی کرد.

لە دوای ڕوداوەکانی ١١ سێپتەمبەرەوە، ئەمریکا بڕیاری دا هێرش بکاتە سەر عێراق و لە ٢٠ ی ئازاری ٢٠٠٣ دا هێرشەکانی بۆسەر عێراق دەستپێکرد لە ژێر ناوی (پرۆسەی ئازادکردنی عێراق)دا و زیاتر لە مانگێک بەردەوام بوو لەو جەنگەشدا ئەمریکا تەنها نەبوو بەڵکو بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ هەریەکە لە بەریتانیا، ئوسترالیا و پۆڵەندا و بە دیاریکراویش لە ١ ی ئایاردا جەنگەکە کۆتایی هات و ئەمریکا لە هەوڵی دەستگیرکردنی سەدام حسێن سەرۆکی ئەو کاتی عێراقدا بوو.

لە ١٣ی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٣دا سەدام حسێن لە ناوچەی دۆری پارێزگای سەڵاحەدین  دەستگیرکرا کە لەو پرۆسەیەدا نزیکەی هەزار سەربازی ئەمریکی بەشداربوون و ژمارەیەک لە سەربازەکانیش  وردەکاری ئەو ڕۆژە و کاتژمێرەکانی پێش دەستگیرکردنی دەگێرنەوە.

ئیریک مادۆکس کە بەشداریی ئەو پرۆسەیە بووە باسلەوەدەکات، هێزەکانی ئەمریکا  محەمەد ئیبراهیم پاسەوانە تایبەتەکەی سەدام حسێنیان دەستگیرکردووە و سودیان لە زانیارییەکانی ئەو پاسەوانە وەرگرتووە و باسی لەوەکردووە کە سەدام لە تکریت خۆی حەشارداوە یان لە ناوچەکانی نزیک لە رۆخی ڕوباری دیجلە و لەسەر نەخشە شوێنی خۆحەشاردانی سەدامی  ئاشکراکردووە.

پاسەوانەکەی سەدام حسێن سێ شوێنی دیاریکردووە، بەڵام لە شوێنی یەکەم و دووەم هیچیان دەستنەکەوتووە بۆیە دوا هەوڵیان شوێنی سێیەم بوو کە خانوویەکی کۆن بوو لە ناو کێڵگەیەکدا.

بەشداربووانی پرۆسەکە دەڵێن، کاتێک گەیشتنە ئەو کێڵگەیە دوو کەسیان دەستگیرکرد کە پاسەوانی سەدام بوون بەڵام ئەوان هیچ قسەیەکیان نەکرد، بەڵام دواجار لە کاتژمێر هەشت و ٢٥ خولەکدا ئەو چاڵەی سەدام خۆی تێدا حەشاردابوو دۆزرایەوە و کاتێک سەری چاڵەکەیان لادا سەدام دەستیکرد بە هاوارکردن و دەی وت، تەقە مەکەن و دواتر کە هاتە دەرەوە بەهۆی دەنگییەوە ناسراوەتەوە چونکە شێوەی زۆر گۆڕابوو بەهۆی قژ و ڕێشییەوە.

دوای هێنانە دەروەی لە چاڵەکە، سەدام وتویەتی من سەدام حسێنم سەرۆکی عێراق و ئامادەی گفتوگۆم و یەکێک لە سەربازە ئەمریکیەکانیش پێی وتووە سەرۆک بۆش سڵاوی بۆت هەیە.

ئەو چاڵەی سەدام خۆی تێدا حەشاردابوو نزیکەی دوو مەتر قوڵ بووە کە دوو کەس جێی تێدا بووەتەوە و کە پانکەیەک و ڕوناک کەرەوەیەکیشی تێدا بوو.

دوای بردنی سەدام بۆ زیندان و بارەگای سەرەکی ئەمریکییەکان، پزیشکە سەربازییەکی لەگەڵیدا بوە دەڵێت، سەدام ئەو شەوە خەوی لێنەکەوتووە و داوای کردوە فشاری خوێنی بگرم و دواتر بەرپرسەکەی داوای لێکردووە گفتووگۆ لەگەڵ سەدامدا بکات و تۆماری بکات بەڵام سەدام هیچی نەوتووە.

سەدام حسێن کە لە نێوان ساڵانى ١٩٧٩ بۆ ٢٠٠٣ سەرۆک کۆماری عێراق بوو، دوای دەستگیرکردنى و دادگایکردنى، تاوانبارکرا بە ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی، لە ٣٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٠٦ و لەتەمەنی ٦٩ ساڵیدا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.