سەردێڕ:

​وێنە.. لە دوو ڕووداوی هاتوچۆدا ​چوار کەس برینداربوون

لە سلێمانی و هەولێر
فۆتۆ: 
2019-12-13

1395 جار خوێندراوەتەوە

سەرلە بەیانی ئەمڕۆ، لە دوو ڕووداوی هاتوچۆی جیادا لە هەریەک لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی چوار کەس برینداربوون.

فازل حاجی وتەبێژی ھاتووچۆی ھەولێر، بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر رێگای هەولێر- پیرمام، ئوتومبێلێکی جۆری بی ئێمی تایبەت بە هۆی تیژرۆیی و تەڕبوونی شەقامەکە بە ئاوی باران کۆنترۆڵی لەدەستدا و تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو".

دەربارەی  ڕووداوەکەش باسی لەوەکرد، "بەهۆی تیژرۆیی و تەڕبوونی شەقامەکە بە ئاوی باران، شۆفێرەكە کۆنترۆلی لەدەستداوە و بەسەر شۆستەی پردی ناوەندی شەقامەکە کەتووە و خۆی کێشاوە بە چەند دارێکی جوانکاری و ستوونی کارەبا، پاش رۆیشتنی لەسەر پردی ناوەندی شەقامەکە بۆ مەودای ٨٠ مەتر ئینجا وەستاوەتەوە"، وتووشییەتی، "جگە لە زیانی ماددی شۆفێرەکەش بە سەختی بریندار بووە".

هاوکات لاپەڕەی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانیش لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، "پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای تاسلوجە-سلێمانی، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری کیا، بەهۆی تیژڕەوی و بێئاگایی لە دۆخی ڕێگاکە، بەرەو سایدی بەرامبەر ڕۆشتووە و وەرگەڕاوە"، ئاماژەییان بەوەشکردووە، "شۆفێرەکە و دوو سەرنشین برینداربوون".

ساڵانە لەهەرێمی كوردستان چەندین ڕووداوی لەوشێوەیە ڕوودەدەن، بەرپرسانی هاتوچۆش بەردەوام هۆكاری ڕووداوەكان بۆ پابەندنەبوونی شۆفێران بەیاساو ڕینماییەكانی هاتوچۆوە دەگەڕیننەوە، ئەمەش لەكاتێكدا زۆربەی ڕیگاوبانەكانی هەرێم لەڕووی كوالێتییەوە لەئاستی پێویستدا نین و چەندین گرفتی نەبوونی هێماو خراپی ڕێگاكانی هەیە.

هـ.ئـ