سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. شێرێک هێرش دەکاتە سەر ئەو پاسەوانەی خۆراکی پێدەدات

فۆتۆ: 
2019-12-13

18960 جار خوێندراوەتەوە

پاسەوانی باخچەیەکی ئاژەڵان لەکاتی پێدانی خۆراک بە شێرێک، لەو ساتەدا شێرەکە هێرش دەکاتە سەری، گرتە ڤیدیۆکەش لەلایەن یەکێک لە سەردانکەرانی باخچەکەوە تۆمارکراوە.

ڕۆژنامەی پۆلیمەر نیوزی هیندی لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کانۆ پیرادیتای پاسەوان لە باخچەی ئاژەڵانی کراچی لە باشوری خۆرئاوای پاکستان، کاتێک پارچەیەک گۆشت هەڵدەداتە بەردەم شێرەکە کە لە قەفەسدایە، شێرەکە هێرشدەکاتە سەری و قەپ لە دەستی دەگرێت.

گرتە ڤیدیۆی ئەو ساتەی شێرەکە بەقەپ دەستی پاسەوانەکەی گرتووە بڵاوکراوەتەوە کە سەردانکەرێکی باخچەکە ڤیدیۆکەی لە ڕێگەی کامێرای مۆبایلەکەیەوە تۆمارکردووە.

هەروەک دەردەکەوێت پیرادیتا دەستی لە ناو قەفەسەکەدایە و بۆ ماوەی ٤٠ چرکە قۆڵی بە دەمی شێرەکەوەیە، دواتر خۆی رزگاردەکات، خوێنێکی زۆر لە قۆڵی پاسەوانەکە دێت و ئازارێکی زۆری پێدەگات.

بەخێرایی پاسەوانەکە دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی کراچی حکومی، راپۆرتە پزیشکییەکان ئاشکرایدەکەن باری تەندروستی پیرادیتا جێگیرە.

قەمەر ئەیوب بەڕێوەبەری باخچەکە وتوویەتی "کارمەندەکەمان بەخێرایی چارەسەری پێدراوە و باری تەندروستیی باشترە، هیوادارین زوو چاک بێتەوە".

ئەیوب ئاماژەی بەوەکردووە، پاسەوانەکەیان یاساکانی باخچەکەی پێشێلکردووە، کە نابێت لە قەفەسی ئاژەڵە مەترسیدارەکان نزیک بێتەوە بەتایبەت قەفەسی شێرەکان.