سەردێڕ:

ئەمڕۆ هەڵبژاردنی گشتی لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت

ئاپۆڕای خەڵکی بەریتانیا لەسەر شەقام
فۆتۆ: AP
2019-12-12

1133 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ هەڵبژاردنی گشتی بۆ سێیەمجار لەماوەی کەمتر لە پێنج ساڵدا لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی میدیاکانی بەریتانیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٢ی كانونى يەکەمی ٢٠١٩، وابڕیارە کاتژمێر ٧ی بەیانی بەکاتی لەندەن، پایتەختی بەریتانیا (کاتژمێر ١٠ی بەیانی بەکاتی کوردستان) پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی گشتی لەو وڵاتەدا دەستپێبکات و لە کاتژمێر ١٠ی شەو (١ی شەو بەکاتی کوردستان) کۆتایی پێبێت و تا ئەوکاتەش، خەڵکی بەریتانیا ٦٥٠ نوێنەر بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەیان هەڵدەبژێرن.

ئەوەش هاتووە، لەوەتەی ساڵی ١٩٧٤وە، ئەمە یەکەمین هەڵبژاردنی بەریتانیایە لە زستاندا و نزیکی سەد ساڵیشە ئەمە یەکەمجارە لە مانگی ١٢دا هەڵبژاردن بکرێت.

ململانێی هەڵبژاردنەکە لەنێوان پارتی پارێزگاران، بە نوێنەرایەتی بۆریس جۆنسن و پارتی کرێکاران بە نوێنەرایەتی جێرمی کۆربین-ە. لەماوەی ڕابردوودا، بۆریس جۆنسن بەڵێنی کۆتاییهێنانی بەو ئاڵۆزییەی لەو وڵاتەدا سەریهەڵداوە دا و جێرمی کۆربینیش بەڵێنی چارەسەرکردنی بابەتی برێگزت-ی دا، بەوەی کە لە حاڵى بردنەوەی پارتی کرێکاران لە هەڵبژاردنەکاندا، دەرفەتێکی دیکە بۆ خەڵکی بەریتانیا دەرەخسێنێت تا بۆ دوایەمین جار دەنگی لەسەر بدەن.

دیبەیتەکانی هەڵبژاردنی گشتی بەریتانیا لە نێوان پارتی پارێزگاران و پارتی کرێکاراندا لەسەر بابەتەکانی خزمەتگوزاریی تەندروستی، متمانە، پێشەوایەتی، داهاتووی سکۆتلەندا و بنەماڵەی شاهانەیی بوو کە تێیدا، پارتی کرێکاران، پارتی پارێزگاران بە ڕادەستکردنی سیستمی تەندروستی بەریتانیا بە کۆمپانیاکانی ئەمریکا، تۆمەتبار دەکات و بەڵێنی داوە پاش هێنانی دەنگی پێویست، لەو بابەتانەدا چاکسازیی بکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، وا پێشبینی دەکرا لە ٣١ی ئۆکتۆبەری ڕابردوودا، بەریتانیا پرۆژەی برێگزت ئەنجامبدات و لە یەکێتی ئەوروپا بێتەدەرەوە، بەڵام پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، لەسەر ئەم بابەتە لە پەرلەماندا ڕێکنەکەوتن و بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەیان دا.