سەردێڕ:

ئەمڕۆ ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگ لەسەر سزادانى تورکیا دەدات ​

ئەمریکا و تورکیا
فۆتۆ: 
2019-12-12

5829 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر سەپاندنى سزا بەسەر تورکیا دەدات.

دواى پەسەندکردنى بە زۆرینەى دەنگى لیژنەى کاروبارى دەرەوەى ئەنجومەنى پیرانى ئەمریکا، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٢ی کانوونی یەکەم، لە نێو ئەنجومەنى پیراندا، پڕۆژە یاساى سەپاندنى سزا بەسەر تورکیا بخرێتە دەنگدانەوە.

دوێنێ چوارشەممە لیژنەى کاروبارى دەرەوەى ئەنجومەنى پیرانى ئەمریکا بە ١٨ دەنگی بەڵێ و ٤ دەنگی نەخێر بڕیارى سزادانى تورکیاى پەسەند کرد.

لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا پەسەندکرد و ڕەوانەی ئەنجومەنی پیرانی کرد.

بەپێی پرۆژەیاساکە، سزا بەسەر کەرتی ئابوری و پیشەسازی تورکیا و ئەو بەرپرسانەی رۆڵیان هەبووە لە هێرشکردنەسەر رۆژئاوای کوردستان دەسەپێندرێت.

بە پێی یاساكانی ئەمریكا ئەم سزایەی كە بڕیارە ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بۆ سەپاندنی بەسەر توركیادا تاوتوێبكرێت، دیاریكراوە و ناوی سزای بەگژاچوونەوەی وڵاتانی دژ بە ئەمریكان.

سزاكە بریتییە لە پچڕاندنی پەیوەندییە دیبلۆماسی وبازرگانی و پیشەسازی وسەربازییەكانی ئەمریكا لەگەڵ وڵاتی سزادراو، پێشتریش ئەمریكا ئەمجۆرە سزایەی بەسەر هەریەكە لە ئێران و كۆریای باكورو چەند وڵاتێكی دیكەدا سەپاندووە.

سزاکە بۆ ئەوەى بکرێتە یاسا و جێبەجێبکرێت پێویستە ئەنجومەنى نوێنەران دەنگى لەسەر بدات، کە لە ئۆکتۆبەرى رابردوودا بە دەنگى ٤٠٣ ئەندام بەرامبەر ١٦ دەنگ پڕۆژە یاساکە ئامادەکرا، لە کۆتاییشدا دەبێت دۆناڵد ترەمپ واژۆى لەسەر بکات.

ب.ب