سەردێڕ:

وردەکاریی گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتی لە كۆنگرەی چوارەمیدا

فۆتۆ: 
2019-12-11

17507 جار خوێندراوەتەوە

وادەى بەستنى ئەو کۆنگرەیەی یەكێتی کە نزیکەى شەش ساڵ بەر لە ئێستا دەبوو ببەسترایە نزیکدەبێتەوە، بڕیارە ٢١ ئەم مانگە یەكێتی نیشتیمانی كۆنگرەی چوارەمی خۆی ببەستێت، لەگەل بەرێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە، کۆمەڵێک ئەندامی یەکێتی وازهێنانی خۆیان لەو حیزبە راگەیاند.

بە پێی پەیڕوەی ناوخۆی یەکێتی، ئەندامانی کۆنگرە نابێت لە هەزار کەس زیاتر بن، بریاریشە ناوى ناوەند و ئۆرگانەکانى ئەو حزبە گۆرانکاریی تێدا بكرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەى لە نێو سەرکردایەتی یەکێتییەوە دەستکەوتوون، پۆستی سکرتێری گشتی نامێنێت و ناوەکەی دەگۆڕدرێت بۆ سەرۆکی یەکێتی، بەڵام ئەو دەسەڵاتە ڕەهایەی سەردەمی جەلال تاڵەبانی سکرتێرى حزبەکەى نابێت.

 ئەو سەرچاوانەى بۆ ئێن ئاڕ تى قسەیان کردووە دەڵێن، چەند پرۆژەیەک بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی هەیکەلی ئیداری یەکێتی هەیە، بەڵام ئەو پرۆژەیەی کە زۆرینەی ئەندامانی سەرکردایەتی پشتیوانی دەکەن ئەوەیە کە هەیکەلیەتی یەکێتی لە سێ دامەزراوە پێکبێت کە ئەوانیش:

سەرۆکی گشتی یەکێتی

سەرۆكی قەوارەی بەرژەوەندیەکانی یەكێتی

ئەنجومەنی جێبەجێکردن و سەرکردایەتى یەکێتی.

سەبارەت بە پۆستی سەرۆکی یەکێتی، ئەو پۆستە لە بری سکرتێری گشتییە و ململانێکان لەسەری زیاتر بووە، ئەمە جگە لەوەی پۆستی جێگری سەرۆکی یەکێتی هێشتا یەکلا نەبووەتەوە کە ژمارەیان چەند دەبێت و کێ بۆ ئەو پۆستە کاندید دەبێت.

لەبارەی سەرۆکی قەوارەی بەرژەوەندیەکانی یەکێتیش، زانیارییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کۆسرەت ڕەسوڵ چانسی بوون بە سەرۆکی ئەم قەوارەیەی یەکێتی هەیە، کە ئەرکی پاراستنی نێو ماڵی حزبەکەى لە ئەستۆ دەبێت و وەک چاودێری حزبەکە دەبێت و ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە هەڵدەبژێردرێت و توانای سڕ کردنی  ئەنجومەنی جێبەجێکردن و ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەبێت و تا رادەیەک دەسەڵاتی زۆری هەیە.

ئەنجومەنی جێبەجێکردنیش هاوتای مەکتەبی سیاسی ئێستای یەکێتییە، بەڵام ناوەکەی گۆڕاوە، تا ئێستاش کۆدەنگی لەسەر ژمارەی ئەندامەکانی نییە و پێدەچێت لە نیوان ١١ بۆ ١٣ ئەندامدا بێت.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی، ئەم ئەنجومەنەش جێگەی ئەنجومەنی ناوەندی ئێستای یەکێتی دەگریتەوە و ژمارەی ئەندامانی ئەم ئەنجومەنەش تا ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە.

بەپێێ ماددەی ١٥ لە پەیرەوی ناوخۆی یەکێتی، نابێت ئەندامانی کۆنگرە لە هەزار کەس زیاتربن کە ئەوانیش پێکدێن لە:

یەکەم: نوێنەرانی ڕێکخستن کە بە هەڵبژاردن دەبێت، ئەوەش بەپێی ئەو ڕێژەیەیە کە بۆیان دیاریدەکرێت،  بۆ ئەم کۆنگرەیە بەرکەوتەى سەرجەم مەڵبەندەکانى حزبەکە ٤٧١ کەسە.

دووەم: ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند.

سێیەم: ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و وەزیرەکان کە ئەمانە بەبێ هەڵبژاردن دەچنە کۆنگرەوە.

چوارەم: ١٠٠ کەس لە پیشمەرگە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی وکەم ئەندامانی سەنگەر کە بەبێ هەڵبژاردن دەبنە ئەندامی کۆنگرە.

پێنجەم: ١٢٠ کەس کە بە ڕاوێژ لەگەڵ کۆمیتەی سەرکردایەتی بە تەزکییە و بێ هەڵبژاردن دەچنە کۆنگرەوە.

شەشەم: کۆمسیۆنی ئامادەکاریی کۆنگرە ڕێژەیەک دیاریدەکات بۆ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان وعێراق و باڵیۆز و دەزگا حکومییەکانی دیکە.

لەگەل ئەمانەشدا، بەشێک لە لێپرسراوانی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی لەبەیاننامەیەكدا دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان لەو حزبە ڕاگەیاندو دەڵێن، "خەڵکانێک لەپێناوى بەرژەوەندى خۆیاندا بەناوى بنەماڵەى مامەوە بە ناعەدالەتى و دوور لەکارى حیزبى خۆیان کردووە بەنوێنەرى ماڵى مام و ئەوكەسەشى کەلەگەڵ بۆچوونى ئەواندا نەبێت بەدژى ماڵى مامى دەزانن وەکو ئەوەى لەدوو حزبى جیادا بن، ئەو ماڵە گەورەیەى کە هەموان بەماڵى خۆمانمان دەزانى لەدواى کۆچى دوایى مام دەرگا لەسەر کەسە دڵسۆزو تێکۆشەرەکان داخراوەو ئەوەى بنەماو دیسپلینى حیزبى بێت لەم حیزبەدا نەماوە".