سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکى نەوەى نوێ: دەبێت لە پرۆژەیاسای چاکسازیدا خانەنشینی پلە باڵاکان نەمێنێت

فۆتۆ: 
2019-12-11

6757 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، فراکسیۆنەکەى جەخت لەسەر نەمانى خانەنشینى پلە باڵاکان و چەند خاڵێکى دیکە دەکاتەوە کە دەبێت لە پرۆژە یاسای چاکسازیدا جێی بکرێتەوە.

کاوە عەبولقادر لە پەیجى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک نووسیویەتى، وەک فراکسیۆنى نەوەى نوێ جەخت لەسەر سێ خاڵ دەکەنەوە و دەبێت لەناو یاساکە جێی بکرێتەوە کە یەکێکیان بریتییە لە "کەمترین موچەی خانەنشینی نابێت لە ٥٠٠ هەزار دینار کەمتر بێت".

ئاماژەى بەوەشکردووە، خانەنشینی پلە باڵاکانی وەک (سەرۆکی ھەرێم و جێگرەکانی، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، وەزیرەکان، سەرۆکایەتی پەرلەمان وئەندامانی پەرلەمان و بریکاری وەزیر و ڕاوێژکار و ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری و بەڕێوەبەرەگشتییەکان و پلەیەکەکان و ھاوشێوەکانیان)نەمێنێت، یان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە کە جیاوازیەکی ئەوتۆی نەبێت لەگەڵ فەرمانبەرانی ئاسایی، بەجۆرێک ڕەچاوی بڕوانامە و تەمەن و ساڵانی خزمەت ومنداڵ بکرێت، ھەرکەسێکیش تەمەنی یاسای تەواو نەکردبێت نابێت خانەنشین بکرێت.

فراکسیۆنى نەوەى نوێ جەختیشى لە هەڵوەشانەوەى سەرجەم خانەنشینە نایاساییەکان کردەوەو رایگەیاند، "چەندین ساڵە بەنایاسایی وبەبێ ھیچ بنەمایەک خانەنشین کراون."

راشیگەیاند، جگە لەم خاڵانە دەبێت یاسای چاکسازی داھات و بودجەش بگرێتەوە نەک تەنھا خەرجی.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پڕۆژە یاسای چاکسازی بە کۆی دەنگ پەسەند کرا و بڕیارە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.