سەردێڕ:

خەڵاتی ئاڵتونی بە دایکی ڕامین حسێن پەناھی بەخشرا

لای ڕاست شەریفە خانی دایک و لای چەپ، ڕامین حسێن پەناهی
فۆتۆ: گووگڵ
2019-12-11

15737 جار خوێندراوەتەوە

لە ڕۆژی جیھانی مافەکانی مرۆڤ لە ھەولێر خەڵاتی ئاڵتونی بە دایکی ڕامین حسێن پەناھی بەخشرا.

لە ڕۆژی جیھانی مافەکانی مرۆڤدا و لە شاری ھەولێر، ڕێکخراوی ئاشتی خێرخوازی خەڵاتی ئاڵتوونی بە شەریفە خان، دایکی ڕامین حسێن پەناھی بەخشی کە ساڵی رابردوو کوڕەکەی لەسەر بیروڕای سیاسی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە سێدارە درا.

ئەو دایکەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، کوڕێکی دیکەشی شەھید بووە و ھەروەھا کوڕە گەورەکەشی سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، بەڵام دواتر ئازادکرا.

ڕامین حسێن پەناھی لە ٢٣ی ٦ی ٢٠١٧ بە تۆمەتی ئەندام بوون لە پارتێکی سیاسی رۆژھەڵاتی کوردستان، لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە دەستگیرکرا و لە زیندانی ناوەندی شاری تاران لە١٧ی ٨ی ٢٠١٨ لەسێدارەدا.

لە رێوڕەسمەکەدا، ئەمجەد حسێن پەناھی، برای ڕامین بە نوێنەرایەتی دایکی و بنەماڵەکەیان خەڵاتەکەی وەرگرت و پەیامی بنەماڵەکەشیانی خوێندەوە.

پەیامی بنەماڵەی ڕامین حسێن پەناھی لە رێوڕەسمەکەدا:

ئەگەرچی ھیچ خەڵاتێک و ھیچ نرخێک ناتوانێت زامی دڵ و بۆنکزی سووتانی جەرگی ئەو دایکانەی کە وەک منن ساڕێژ بکات، ئەگەرچی ھەموو مرۆڤدۆستانی جیھانیش خەمی جەرگسووتان لەگەڵ ئێمەومانان دابەشبکەن، ھێشتا ساڕێژبوونی برینی وا مەحاڵە، بەڵام ئەوەی کە من شانازی پێ ئەکەم کوڕەکانم لە رێگای وەدەستھێنانی ئازادی و ژیانی یەکسان گیانیان بەختکرد.

ئەگەرچی ئەوان تەنیا ڕێبواری ئەو رێگا نەبوون و زۆر بەداخەوە ئەم کاروانە خوێناوییە ھەر بەڕێوەیە، ئەوەتە لە مانگی ڕابردوودا، واتا ڕۆژانی کۆتایی خەزەڵوەر لە ئێران و لە کوردستانی زێدی من سەدان دایکی دیکە توشی ئازاری قورسی لەدەستدانی جگەرگۆشەکانیان بوون و منیش دیسانەوە زامم نوێ بووەوە، ھەر بۆیە وێڕای سوپاس و پیزانین بۆ ھەموو ئەوانەی ئەم بۆنەیان وەڕێخستوە و بڕیاریان داوە ئەم خەڵاتە بە من ببەخشن، منیش خەڵاتەکەم پێشکەش ئەکەم بە ھەموو ئەو دایکە جگەرسووتاوانەی کە مناڵەکانیان لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، یان وەکو ئەشرەفی من لە ڕەشەکووژیدا، یان وەکو ڕامین لە سێدارەدران یا ن راستەوخۆ لە سەر شەقامەکان دەستڕێژیان لێکرا.

بەڵام با ئەوەش بڵێم ئەوکاتانەی کە من و ئەو چالاکانە لە کەمپەینی لێبووردەیی و باقی ھەڵسووڕاوانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕوو ئەکەینە ماڵێک بۆ بەخشینی کەسێک لە مەرگ، بنەماڵەیەک ئەولیای دەمێک یان دایکێکی جگەرسووتاو مرۆڤانە ژیان بە تاکێک دەداتەوە نایشارمەوە کە لەو کاتانەدا ھەست بە دوائامێزی ڕامینم ئەکەم. ھەر بۆیە تا لە ژیاندا ماوم ھەوڵ دەدەم ھاوکاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدنی بم لە کەمپەینی لێبووردەییدا چالاکانە ھەڵدەسووڕێم، بەو ھیوایەی ئیتر لە وڵاتی ئێمەدا سێدارە و ئیعدام نەمێنێت و ھیچ دایکێک جەرگی نەسووتێت.