سەردێڕ:

ترەمپ هۆشداری بە کۆریای باکور دەدات

لای ڕاست کیم جون ئون، سەرۆکی کۆریای باکور و لای ڕاست، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
فۆتۆ: گووگڵ
2019-12-08

2722 جار خوێندراوەتەوە

ترەمپ رایگەیاند، ئەگەر سەرۆکی کۆریای باکور هەوڵی دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمریکادا بدات، ئەوا هەموو شتێک لەدەستدەدات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، "کیم جون ئون زۆر زیرەکە و ئەگەربێت و نەیارانە ڕەفتاربکات ئەوا زۆر شت، لەڕاستیدا هەمووشتێک، لەدەستدەدات."

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو (کیم جون ئون) ڕێککەوتنێکی گەورەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی چەکی ئەتۆمیی وڵاتەکەی لەگەڵ من لە سەنگافورە واژۆکردووە و لاموایە کە ئەو نایەوێت ئەو پەیوەندییە تایبەتییەی لەگەڵ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هەیەتی، هەڵبووەشێنێتەوە".

روونیشیکردووەتەوە، "ئەو نایەوێت دەست لە هەڵبژاردنەکانی نۆڤەمبەری داهاتووی ئەمریکا وەربدات".

لەکۆتایی تویتەکەشیدا ئەوەهاتووە، "ئەمریکای باکور، لەژێر حکومڕانی کیم جون ئوندا، دەسەڵاتێکی گەورەی ئابوری هەیە، بەڵام ئەو وڵاتە پێویستە پڕۆژەی چەکی ئەتۆمی، هەر وەکو بەڵێنیدابوو، هەڵبووەشێنێتەوە. بۆ ئەو بابەتەش، هەریەک لە ناتۆ، چین، ڕوسیا، یابان و هەموو جیهان هاودەنگن".

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەئێستادا ترەمپ فشارێکی زۆری لەلایەن دیموکراتەکانەوە بەتۆمەتی بەکارهێنانی کورسی سەرۆکایەتی بۆ مەرامی تایبەتی لەسەرە و لەلایەکی دیکەشەوە، کۆریای باکور چەند تاقیکردنەوەیەکی موشەکیی لە هەفتەی پێشوودا ئەنجامدا و شەوی ڕابردووش مانگێکی دەستکری بەرەو بۆشایی ئاسمان ڕەوانەکرد.



هـ.ب