سەردێڕ:

خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامن و خۆپیشاندەرانیش لەسەر داواکارییەکانیان سورن

هەفتەیەک ماوە بۆ دیاریکردنى سەرۆک وەزیران
فۆتۆ: 
2019-12-08

1522 جار خوێندراوەتەوە

خۆپیشاندانەکان لە بەشێک لە شارەکانی عێراق بەردەوامن و سەرەڕای ئەوەی یەک هەفتە ماوە بۆ دانانى سەرۆک وەزیرانى نوێ، بەڵام تائێستا هیچ کەسێک بە فەرمى خۆى کانید نەکردووە بۆ ئەو پۆستە.

 خۆپیشاندان لە مەیدانی تەحریر لە بەغدا بەردەوامە و خۆپیشاندەران سوورن لەسەر داواکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی و دەستلەکارکێشانەوەی دەسەڵاتداران، هاوکات لە پارێزگاکانی زیقار و دیوانییە بۆ ڕێگری لە خۆپیشاندانەکان، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دەوام ڕادەگیرێت.

 هەر لە شارى دیوانیە، ژمارەیەک لە خیڵەکانى پارێزگاکە چوونە ناو خۆپیشاندەرانەوە لە گۆرەپانى ساعە و پشتیوانى خۆیان بۆ داواکارى خۆپیشاندەران راگەیاند، لە پارێزگاى بەسرەش فەرماندەى ئۆپراسیۆنەکان و لیژنەى هەماهەنگى خۆپیشاندەران رێککەوتن لەسەر کردنەوەى بەندەرى فاو و دامەزراوە نەوتیەکان لە شارۆچکەکە، کە پێشتر لەلایەن خەڵکى ناوچەکەوە داخرابوون.

 لەلایەکى دیکەوە لەرامبەر رێنماییەکى فالح فەیاز، سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى کە رێگریی دەکات لە بوونى حەشدى شەعبى لە گۆرەپانەکانى خۆپیشاندان، سەفا تەمیمی، وتەبێژى سەرایا سەلام رایگەیاند، خۆپیشاندان مافى دەستورى هاوڵاتیانى مەدەنى و سەربازانیشە.

 تەمیمى راشیگەیاند، ئەوانەى ئەرکى پاراستنى خۆپیشاندەرانیان پێسپێردراوە سەربە حەشدى شەعبى نین، بەڵکو ئەندامانى گشتى رەوتى سەدرن و فەرمانیان پێکراوە نە چەک هەڵبگرن و نە جلى سەربازیى بپۆشن، کۆمسیۆنى مافەکانى مرۆڤیش لە عێراق باسی لەوەکردووە، رەشەکوژییەکەى گۆرەپانى خەلانى و پردى سنەک لە ئاستى تاوانى تیرۆردایە، ئەوەش بەپێی یاساى بەگژاچوونەوەى تیرۆرى ساڵى ٢٠٠٥.

هەر سەبارەت بە هیرشەکەى شەوی ٦ى ئەم مانگە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بە پێی بەدواداچوونی ورد و وەرگرتنی وتەی شایەتحاڵەکان، بۆیان دەرکەوتووە هێرشەکە رێکخراو بووە و پرسیاری ئەوەش دێنێتە ئاراوە، کە ئەو چەکدارانە چۆن بە ئۆتۆمبێل و چەکەکانیانەوە بە خاڵەکانی پشکنیندا تێپەڕبوون.

 لە لایەکی دیکەوە ئەنجومەنى دادوەرى عێراق رایگەیاند، لە سەرەتاى خۆپیشاندانەکانەوە دوو هەزار و ٦٢٦ خۆپیشاندەر ئازادکراون و لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە لەگەڵ ١٨١ کەسى دیکە بەردەوامە.

 لەسەر دانانى سەرۆکوەزیرانى نوێش، یونادیم کەننا، ئەندامی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ١٢٠ ئەندام پەرلەمان واژۆیان لەسەر یاداشتێک کردووە و داویانەتە سەرۆک کۆمار، کە تێیدا چەند مەرجێکیان بۆ سەرۆک وەزیرانى نوێ داناوە، لەوانەش، نابێت سەربە هیچ حزبێکى سیاسی بێت و دەبێت تەنها هەڵگرى رەگەزنامەى عێراقى بێت.

 راشیگەیاند، هەرچەندە تەنها یەک هەفتە ماوە لەو ماوە دەستوریەى بۆ داناى جێگرەوەى عادل عەبدولمەهدى دانراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ کاندیدێک نیە بۆ ئەو پۆستە، یونادیم کەننا وتیشى دواى ئەو ماوە دەستوریە گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمان دواى هاوپەیمانى سائیرون کاندیدى خۆی پێشکەش دەکات.