سەردێڕ:

​​سلێمانی.. بەهۆی نەبوونی كارەباوە ژمارەیەک هاوڵاتی گردبوونەوە

فۆتۆ: 
2019-12-08

1370 جار خوێندراوەتەوە

 دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، سلێمانی، ژاڵە محەممەد

هاوڵاتیانی چەند گەڕەكێكی شاری سلێمانی بەهۆی نەبوونی كارەباوە لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی گردبوونەوە و داوادەكەن كارەبایان پێبدەن.

ئەمڕۆ هاوڵاتیانی گەرەكەكانی سێتوان و كانی با و قڕگە و چەند شوێنێكی دیكەی شاری سلێمانی بەهۆی نەبوونی كارەبای نیشتمانییەوە چوونە بەردەم فەرمانگەی كارەبای شارەكە و داوا دەكەن لەپێدانی كارەبادا جیاوازی نەكرێت و ئەو گەڕەكانەی محاویلەكانیان سووتاوە بەزوویی بۆیان چاكبكەنەوە، دەشڵێن بەهۆی سوتانی محاویلەوە ماوەی چوار ڕۆژە بێكارەبان و كەسیش نەهاتووە بەدەم كێشەكەیانەوە.

ئاماژەش بەوەدەكەن، بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی لەپێدانی كارەبادا دادپەروەر نییە و جیاوازی لەنێوان گەڕەكەكاندا دەكات، بەوتەی ئەوان گەڕەكێكی نزیك لە ناوچەكەیان بەهۆی ئەوەی ماڵی بەرپرسێكی تێدایە كێشەی كارەبای نیە.

بەرپرسانی كارەبای سلێمانیش دەڵێن، دانیشتووانی ئەو گەڕەكانە زۆربەی خانووەكانیان زێدەڕۆیە و بە زێدەڕۆیش كارەبایان ڕاكێشاوە، داواشی لەو هاوڵاتیانە كرد سەردانی بەشی پێدانی وزە بكەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی یاسایی پێوەری كارەبا وەربگرن.

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا کێشەی نەبوونی كارەباش بەرۆكی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەگرێت و بەهۆی جیاوازی باری ئابووری دانیشتووانیش كێشەكە لەگەڕەكە هەژارنشینەكاندا زیاتر گەورە دەبێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو گەڕەكانە جگە لە وزەی كارەبا ناتوانن هیچ وزەیەكی دیكە بۆ گەرمكردنەوە دابین بكەن، حكومەتیش ساڵانە بەڵێنی باشتركردنی ڕەوشی كارەبا بەهاوڵاتیان دەدات و ئەم بەڵێنەش بەتایبەت لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا دەبێتە مانشێتی بانگەشەكان و دواتریش کێشەکە چارەسەر ناکرێت.