سەردێڕ:

ئەمریکا و ئێران دوو زانای دەستگیرکراوی یەکتر ئازاد دەکەن

پەیوەندییەكانی ئێران و ئەمریكا
فۆتۆ: 
2019-12-07

4134 جار خوێندراوەتەوە

لە ڕێککەوتنێکی دەگمەندا، ئەمریکا و ئێران دوو زانای دەستگیرکراوی یەکتر ئازاد دەکەن.

 ئەمڕۆ شەممە، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەیان زانایەکی دەستگیرکراوی ئەمریکی بە ڕەگەز چینی ئازاد دەکات، کە لە ساڵی ٢٠١٦دا دەستگیرکراوە، کە دواتر بە جاسوسیکردن تۆمەتبار کراوە، لە بەرامبەریشدا واشنتۆن زانایەکی ئێرانی ئازاد دەکات کە پێشتر دەستگیرییان کردووە.

 لەو بارەیەوە ئەو وەزیرە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، "دڵخۆشم کە پڕۆفیسۆر مەسعود سولەیمانی و بەڕێز شی یوە وانگ، بەم نزیکانە دەگەڕێنەوە ناو خیزانەکانیان، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین لەم بابەتەدا بەشداربوون، بە تایبەتیش سەفارەتی سویسرا".

هاوکات، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، "سوپاسی ئێران دەکەین بۆ ئەو ڕێککەوتنە باشەی کە بووە هۆی ئازادکردنی ئەو زانا دەستگیرکراوە ئەمریکییە"، ئاماژەی بەوەشداوە " دەکرێت ئەمە ببێتە دەستپێکێک بۆ ڕێککەوتنی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا".

 ئەوەش لە کاتێکدایە ئێران سزای زیندانیکردنی ١٠ ساڵی بەسەر وانگدا سەپاندبوو، بە تۆمەتی ئەوەی لە ناو ئێراندا بووە و زانیاری نهێنی ناردووەتە دەرەوە.

پێشتریش ئەمریکا زانایەکی ئێرانی بە ناوی مەسعود سولەیمانی بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ناردنی ماددەی وزەبەخش بۆ ئێران دەستگیرکردبوو.

پاش سێ ساڵ لە دەستگیرکردنی زانا ئەمریکییەکەش، ئەمڕۆ ئێران ڕایگەیاند ئەو زانایە ئازاد دەکات و لە بەرامبەریشدا ئەمریکا مەسعود سولەیمانی ئازاد دەکات.

هـ.ئـ