سەردێڕ:

سەرۆکى حکومەت: پرۆژە یاسای چاکسازیی ئامادەیە بۆ ئەوەی بینێرینە پەرلەمان

فۆتۆ: 
2019-12-07

5266 جار خوێندراوەتەوە

مەسرور بارزانی سەرۆکى حکومەت ڕایگەیاند، پرۆژە یاسای چاکسازیی لە خانەنشینی و موچە ئامادەیە بۆ ئەوەی بینێرینە پەرلەمان.

مەسرور بارزانی لە وتارێکیدا بە بۆنەی تێپەڕبوونى ١٠٠ ڕۆژ بە سەر دەستبەکاربوونى کابینەکەیدا ڕایگەیاند، لە دوای دەستبەکاربوونی حکومەتەوە تا ئێستا چەندین کەسیان لەسەر بەرتیل وەرگرتن لە دامودەزگاکاندا داوەتە دادگا.

سەرۆکى حکومەت ڕاشیگەیاند، لە هەوڵی بەردەوامین بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا و باشبوونی پەیوەندییەکانمان لە قازانجی خەڵکی هەرێم و عێراقیشە.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو "لە بارەی داهاتی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە سەرەتای کاری ئەم کابینەیەوە، بڕیاردرا بە کۆکردنەوەی گشت داهاتەکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە جۆرێک کە بزاندرێت داهاتی حکومەتی هەرێم چەندە،  هەروەها بۆ خەرجییە پێویستییەکانیش بەرچاومان روون بێت. لە سەر ئەم بنەمایە، پلانمان داناوە بۆ زیاترکردنی داهاتی ناوخۆ و کەمکردنەوەی خەرجی بە پێی پێویستی. ئەم رێکارانەش هاوتەریب بوون لە گەڵ ڕەچاوکردنی پێداویستی دارایی وەزارەت و فەرمانگەکان".

ئەوەشی وت "تا ئێستا توانیومانە داهاتی ناوخۆمان زیاد بکەین و کاردەکەین بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ داهاتی ناوخۆ بە ڕێژەی ‪50٪ زیاد بکەین، ئەمەش لە ڕێگەی ڕێکخستنەوە و دانانی سیستەمێکی هاوسەنگی باج، کە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژەوەندی گشتی بێت و بتوانێت، داهات بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکان دابین بکات"..

مەسرور بارزانی  لەدرێژەى وتارەکەیدا وتیشی "ئێستا سەرقاڵێ ڕێکخستنەوەی باجین لە هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران، هەموو ئەو ڕێکارانەی ڕاگرتووە، کە ببوونە هۆی ئەوەی هەندێک کەس و کۆمپانیا بە شێوەیەکی نایاسایی لە باجدان ببەخشرێن".

 سەبارەت بە گەندەڵی وتی "کەشێکی لەبارمان هێناوەتە ئاراوە، کە چیتر گەندەڵیی تیایدا گەشە ناکات، خۆم زۆرلە سەر ئەم بابەتە رژدم و چاوپۆشی لە گەندەڵیی هیچ کەس و لایەنێک ناکەم ، ئێستا ڕێکاری یاسایی زۆر تووندمان گرتووەتەبەر بەرامبەر ئەوانەی بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان، لە دامودەزگاکانی حکومەتدا، بەرتیل وەردەگرن، یان بەرتیل دەدەن. چەندین کارمەند و بەرپرسی حکومی لەسەر بەرتیل وەرگرتن و چەندەها خاوەنکاریش، بە هۆی بەرتیلدان، لەم ماوەیەدا کەیسەکانیان دراوەتە دادگاکان".

وتیشی "تا ئێستا بە سەدان فەرمانبەری وەهمیمان لە لیستەکان پاک کردووەتەوە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت. دەمانەوێت دڵنیابین کەسانی شایستە مافەکانیان نافەوتێت و تەنیا ئەوانەی زێدەڕۆییان کردووە، ڕێکاری پێوستیان لە بەرامبەر دەگیرێتە بەر".

لە بارەی چاکسازییەوە ئاماژەی بەوەکرد "لە سەرەتای کاری ئەم کابینەیە، لێژنەیەکی باڵامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو حکومەت پێک هێنا و دوای چەند مانگ پێداچوونەوەیەکی باش و واقعیانە بە پڕۆژە یاسای چاکسازی، ئێستا ئەم پڕۆژە یاسایە، ئامادەیە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.

 دەشڵێت "بۆ باشتر و خێراتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان، داوام لە هەموو وەزارەتەکان کردووە، بیرۆکراسی کەم بکرێتەوە و پلانی چوار ساڵەی خۆیان بۆ چاکسازیکردن ئامادە بکەن. دەستمان بە ئەلکترۆنیکردنی چەند خزمەتگوزارییەکی گشتی کردووە و پەرەشی پێدەدەین. خەریکین داتاسەنتەرێک، واتا ناوەندێکی زانیاری بۆ حکومەت دادەمەزرێنین، کە زیاد لە پەنجا لە سەدی کارەکانی تەواو بووە و لە چەند مانگی داهاتوودا دەستبەکار دەبێت. ئەم ناوەندە بە شێوەیەکی ئەلکترۆنی، خزمەتگوزاری گشتی پێشکەشی هاووڵاتیان و خاوەنکاران دەکات بۆ ئەوەی بە ئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزارییە حکومییەکان بگات".

دەربارەی پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی  سەرۆکی حکومەت وتی "یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهێزکردن و باشترکردنی پەیوەندییەکانمانە لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا. لە دوای یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی بەغدامان کرد، بۆ ئەوەی نیازپاکیمان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە، لە چوارچێوەی دەستوردا بۆ بەغدا دووبارە بکەینەوە."

وتیشی "حکومەتی فیدراڵی نیگەرانییەکانی ئێمەی وەرگرتووە و ئێستا بەیەکەوە گفتوگۆ لەسەر چارەسەرییەکان دەکەین. بۆ نموونە بۆ یەکەمجارە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە داڕشتنی ڕەشنووسی پڕۆژەی بودجەی ساڵانەی عێراق دەکات و هەنگاوی باشمان لە گەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بڕیوە بۆ جێگیرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان".