سەردێڕ:

ناوەندی سێکولار بۆ لیژنەى فەتوا: نەک فەتواکەیان بەڵکو دەبێ خۆیان قەدەغەبکرێن

فۆتۆ: 
2019-12-07

22978 جار خوێندراوەتەوە

ناوەندى سیکۆلار لە هەرێمى کوردستان وەڵامى ئەنجومەى باڵاى فەتوا دەداتەوە لەبارەى ئەو فەتوایانەى کە دوو رۆژ لەمەوبەر تایبەت بە سەرکەوتنى ئافرەت لەگەڵ شۆفێرانى تاکسی بڵاویکردەوە.

لە راگەیەنراوێکى ناوەندى سیکۆلاردا هاتووە، "ئەم فەتوایە هیچ سەیرنیە چونکە خودی ئەم دەزگا دینیە بەهۆی حوکمڕانییە میلیشیاکەی یەکێتی و پارتییەوە بوونەتە وتەبێژی ڕەسمی کۆنەپەرستی لە کوردستاندا، هەربۆیە کاری ئەوان هەر بڵاوکردنەوەی فەتوای دواکەوتووانە و دژی ئازادیەکانی ژنان و خەڵکی کوردستانە و هیچی تر."

ئاماژە بەوەشکراوە، "خودی بوون و کاری ئەم لیژنەیە دەستێوەردانی ئیسلام و شەریعەتەکەیەتی لە ژیانی مەدەنی خەڵکی کوردستاندا و پێویستە هەموو فەتوا و بڕیارەکانی وەک کارێکی نایاسایی و دوور لە شێوازی بەڕێوەبردنی مەدەنیانەی کۆمەڵگە دابنرێت."

ناوەندى سیکۆلار باسی لەوەشکردووە، "بوونی ئەم دەزگایە نیشانی دەدا کە چۆن پارتی و یەکێتی و حزبە هاوپەیمانە ئیسلامیەکانیان چ قازانجێکیان لە دانانی ئەم جۆرە دەزگایانە هەیە لەپاڵ پەرلەمان و دەزگای دادوەریەکەیاندا تاکو ئەوەی بەیاسا و بە دادگا پێیان ناکرێ لەڕیگەی ئەم جۆرە دەزگا ڕەسمیە دینییانەوە بیسەپێنن بەسەر خەڵکی ئازادیخوازی کوردستاندا."

ئەوەش خراوەتەڕوو، "پێویستە ژنان و خەڵکی سێکولار و ئازادیخوازی کوردستان داوای جیایی تەواوی دین لە دەوڵەت و دەستێوەردانی شەریعەتی ئیسلامی لە ژیانی گشتیدا وخواستی قەدەغەکردنی ئەم لیژنەی فەتوا و هەموودەزگایەکی فەرمی دینی بەڕوی دەسەڵاتداراندا بەرزبکەنەوە."

پەیامەکەى ناوەندى سیکۆلار دواى ئەوە دێت کە لە ئەنجومەنى باڵاى فەتواى هەرێم چەند فەتوایەکى دەرکرد کە بەشێکیان پەیوەندییان بە حاڵەتى سەرکەوتنى ئافرەت هەبوو لەگەڵ شۆفێرانى تاکسیدا و لە چەند حاڵەتێکدا بە دروستى نەزانیوە.