سەردێڕ:

رەوتی سەدر: بارەگای سەرەکی موقتەدا سەدر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومانکرا

فۆتۆ: 
2019-12-07

19813 جار خوێندراوەتەوە

رەوتی سەدر رایگەیاند، بارەگای سەرەکی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومان کراوە.

محەمەد ساڵح یەکێک لە نزیکەکانى موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، بەرەبەیانى ئەمڕۆ شەممە، ٧ى کانونى یەکەمى ٢٠١٩، بارەگاى موقتەدا سەدر سەرۆکى ڕەوتەکە بە فرۆکەى بێفرۆکەوان لە نەجەف بۆردومانکراوە.

ساڵح لە پەڕەى تایبەتى خۆى راگەیەنراوێکى بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، "بۆردومانەکە دواى فەرمانەکانى سەدر هاتووە کە داواى لە چەکدارانى رەوتەکەى کردووە کە بە (کڵاو شینەکان) ناویان دەرکردووە، پارێزگارى لە خۆپیشاندەرانى شەوى رابردووى بەغدا و نەجەف بکەن."

باسى لەوەشکردووە، "ئەوەى گرنگە پارێزگاریکردنە لە خۆپیشاندەران و پاراستنى سەلامەتى گیانیان".

لە کۆتایى راگەیەنراوەکەیدا دەڵێت، " لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و گەل و سەرۆکیش لە مەترسیدایە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو، بەهۆی دەستڕێژی گوللەی چەند چەکدارێکەوە لە بەغدا، ٢١ کەس کوژران و زیاتر لە ٧٠ کەسیش برینداربوون.

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکان لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، نزیکەی٤٦٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٧ هەزاری دیکە لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.