سەردێڕ:

بەغدا.. سوپای عێراق لە گۆڕەپانى خەلانى و پردى سنەک جێگیردەکرێت

خۆپیشاندانەکان بەردەوامن
فۆتۆ: 
2019-12-07

38531 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەى گشتى ئۆپراسیۆنەکانى بەغدا دواى رووداوەکەى شەوى رابردوو، فەرمانێکى بەپەلەى بۆ سوپاى عێراق دەرکرد.

قەیس محەمەداوى فەرماندەى گشتى ئۆپراسیۆنەکانى بەغدا داواى لە سوپا کردووە بێنە ناو شارى بەغدا و لە گۆڕەپانى خەلانى و پردى سنەک بڵاوەیان پێبکرێت.

لەلایەکی ترەوە، وتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لێکۆلینەوەیان لە رووداوەکەى شەوى رابردووى سەر پردى سنەک دەستپێکردووە کە بووە هۆى کوژرانى ٢١ کەس کە چواریان لە هێزە ئەمنییەکانن و زیانر لە ٧٠ کەسیش برینداربوون.

باسى لەوەشکردووە، هێزە ئەمنییەکان ناوچەکەیان کۆنترۆڵکردووە و بەدواى ئەو کەسانەوەن کە تەقەیان لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان کردووە.

پیشتر میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، شەوى رابردوو ژمارەیەک چەکدار چونەتە سەر پردى سنەک و ئەحرار و تەقەیەکى زۆریان بەرووى خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان کردووە.

هاوکات کۆمسیۆنى مافەکانى مرۆڤى عێراقى هۆشداریدا لەوەى دۆخى ئەمنى لەدەستدەربچێت و داواشى لە هێزە ئەمنییەکان کردووە بەشدارى بکەن و ئەمن و ئاسایش بۆ گۆڕەپانى خۆپیشاندانەکان بگەڕێننەوە.

زیاتر لە دوو مانگە دژى بەهەدەردانى سەروەت و سامانى وڵات و نەبوونى خزمەتگوزارییەکان، خۆپیشاندان و ناڕەزایى لە بەغدا و شارەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق بەردەوامە و بەپێى ئامارەکان تا ئێستا زیاتر لە ٤٢٠ کەس کوژراون و ١٧ هەزار کەسیش برینداربوون.