سەردێڕ:

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا سزای بەسەر چوار بەرپرسی عێراقیدا سەپاند

بە تۆمەتی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران
فۆتۆ: 
2019-12-06

18296 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا رایگەیاند،  بەهۆی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران و تەقەكرن لەهاوڵاتییان، سزای بەسەر چوار بەرپرسی عێراقیدا سەپاندوە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا رایگەیاند، سزای بەسەر هەریەک لە قەیس خەزعەلی سەرۆكی عەسایبی ئەهلی حەق و برایەكی بەناوی لەیس خەزعەلی، خەمیس خەنجەر سكرتێری گشتی پرۆژەی عەرەبی لە عێراق و حسین فالح لامی بەڕێوەبەری ئاسایشی حەشدی شەعبی سەپاندووە.

بە وتەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا ئەو چوار بەرپرسە عێراقییە لەكاتی خۆپیشاندانەكانی عێراقدا هەستاون بە سەركوتكردن و داپڵۆسینی چەندین هاوڵاتی عێراقی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی خۆپیشاندانەكانی عێراقەوە ڕایگەیاندووە واشنتۆن لەو كشتوبڕەی بەرامبەر خۆپیشاندەرانی عێراق دەكرێت بێدەنگ نابێت.

ئەم سزایەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا بۆسەر ئەو چوار بەرپرسە عێراقییە لەكاتێكدایە، زیاتر لەمانگێكە لەبەغدا و شارەكانی دیكەی عێراق، خۆپیشاندانی بەرفراوان لەدژی گەندەڵی و بێكاری و نەبوونی هەلی كار بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە ٣٥٠ خۆپیشاندەر بەتەقەی هێزە ئەمنییەكان كوژراون و بەهەزارانی دیكەش برینداربوون.

ئەمریكا و وڵاتانی جیهانیش بە وردی چاودێری بارودۆخەكە دەكەن و لەومیانەیەشدا ئەمریكا سەركردە سەربازییە عێراقییەكانی نزیك لە ئێران بە كوشتنی خۆپیشاندەران تۆمەتبار دەكات.