سەردێڕ:

"ئەو ئۆتۆمبێلانەی بکوژانی تاریقی بەقاڵ دزیویانن ژمارەیان بۆ وەرگیراوە و چەند بەرپرسێکی ئاسایش بۆ خۆیانیان هەڵگرتووە"

بۆ یەکەمجار چەند زانیارییەکی نەبیستراو بڵاودەبێتەوە
فۆتۆ: 
2019-12-06

80356 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی زانیارییەکان کە دەست ئێن ئاڕ تی کەوتوون، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بکوژانی تاریقی بەقاڵ و مەریوان دارا دزیویانە، چەند بەرپرسێکی ئاسایش دەستیان بەسەرداگرتوون.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، ئەو بەرپرسانەى ئاسایش دواى ئەوەى دەستیان بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەدا گرتووە و بۆ خۆیانیان هەڵگرتووە، وە لە بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆ ژمارەی نوێیان بۆ وەرگرتوون، لە بری ئەوەی رادەستی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی بکەن، بۆ ئەوەی بگەڕێنرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان.

 لەو بارەیەوە ئێن ئاڕ تى پەیوەندیکرد بە وتەبێژى ئاسایشى سلێمانییەوە، بەڵام ئامادە نەبوو لەسەر ئەو بابەتە هیچ لێدوانێک بدات.

تاریقی بەقاڵ، ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، لەدوای ئەوەی دەڕابەی دوکانەکەی دادەداتەوە و بەرەو ماڵەوە بەڕێدەکەوێت، بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە بێسەروشوێن بوو، بەڵام لە دوای چوار مانگ ئاسایشی سلێمانی دۆزینەوەی تەرمەکەی لەنێوان گەڕەکی ڕاپەڕین و قولەرەیسیدا لە شاری سلێمانی و دەستگیرکردنى بکوژەکانى راگەیاند.

دواى دەستگیرکردنى ئەو باندەى تاریقیان کوشتووە، ئاساشی سلێمانی رایگەیاند، ئەندامانی ئەو باندە پێشتر کەسێکی دیکەشیان بەناوی مەریوان دارا لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانیدا کوشتووە.

ئەوەی کە لەم بابەتەدا جێی سەرنجە ئەوەیە کە هەم بکوژانی تاریقی بەقاڵ و هەمیش ئەو بەرپرسانەی ئاسایش خوازیار بوون کە ئەو ئۆتۆمبێلانەیان دەست بکەوێت، بەڵام بکوژانی تاریقی بەقاڵ لە ڕێی تاوان و کوشتنەوە ئۆتۆمبێلەکەیان دەست کەوتووە و ئەو چەند بەرپرسەی ئاساییش لە ڕێی یاسایی و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئۆتۆمبێلەکانی هاوڵاتییان دەست کەوتووە.

لە هەر دوو حاڵەکەشدا ئەو هاوڵاتییانەی کە ئۆتۆمبێلەکانیان دزراوە، لە ئێستادا ئۆتۆمبێلەکانیان دەست ناکەوێتەوە.