سەردێڕ:

ئەمریکا.. لە پێکدادانێکى نێوان دوو چەکدار و پۆلیسدا چوار کەس کوژران

فۆتۆ: 
2019-12-06

1737 جار خوێندراوەتەوە

لە ویلایەتى فلۆریداى ئەمریکا، بەهۆى رووبەڕووبوونەوەى نێوان دوو چەکدار و پۆلیس، چوار کەس کوژران.

بەگوێرەى میدیاکانى ئەمریکا، دوای ئه‌وه‌ی دوو كه‌سی چه‌كدار دوكانێكی زەڕەنگەریان بڕی و هه‌ڵاتن، له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌كاندا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌، بەوهۆیەشەوە چوار كه‌س كوژران.

جۆرج پیرۆ كارمه‌ندی ئێف بی ئای لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، رووداوەکە له‌ كۆرال گابلێس-ی نزیك شاری میامی له‌ ویلایه‌تی فلۆریدا روویداوە و دواى ئەوەى دوو چه‌كدارەکە دزییان لە دووکانێکى زەڕەنگەر کردووە، بارهه‌ڵگرێكی سه‌ربه‌ كۆمپانیای خزمه‌تگوزاری یونایتد پارجێل-شیان رفاندووه‌

باسی له‌وەش‌ كرد، كه‌ دزه‌كان شۆفێری بارهه‌ڵگره‌كه‌یان به‌ بارمته‌ گرتووه‌ و، رووبه‌ڕووی هێزه‌كانی پۆلیسیش بوونه‌ته‌وه‌، له‌و رووداوه‌دا هه‌ردوو دزه‌كه‌، شۆفێری بارهه‌ڵگره‌كه‌ و هاوڵاتییه‌كی مه‌ده‌نی گیانیان له‌ده‌ستداوه و لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌ رووداوه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌.

ئەو رووداوە لەکاتێکدایە، لە ماوەکانى رابردوودا چەندین رووداوى تەقەکردن لە ویلایەتى فلۆریدا و تەکساس و چەند ویلایەتێکى دیکەى ئەمریکا روویداوە و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.