سەردێڕ:

پارێزگاری هەڵەبجە لە بارەی سوتاندنی خێزانەکەوە نامەیەکی بۆ کونسوڵی ئێران نارد

فۆتۆ: 
2019-12-06

5163 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری ھەڵەبجە لەسەر ئەو خێزانەى هەڵەبجە کە لە ئێران سوتێنرابوون نوسراوێکى ئاراستەى کونسوڵى ئێران لە سلێمانى کرد و داواى بە سزاگەیاندنى ئەنجامدەرانى کرد.

لە نوسراوێکیدا ئازاد تۆفیق پارێزگارى هەڵەبجە بۆ کونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانى کە تێیدا هاتووە، "نیگەرانیی خەڵکی ھەڵەبجە و رووداوەکەمان ئاراستەکردن کە گرفتێکی گەورەیە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت پارێزگای ھەڵەبجە".

لە نوسراوەکەدا هاتووە، "ئەم رووداوە دڵەڕاوکێی بۆ ئەوانە دروستکردووە کە بە نیازبوون سەردانی ئێران بکەن".

پارێزگارى هەڵەبجە لە نوسراوەکەدا داواى لە کونسوڵى ئێران لە سلێمانى کردووە، هەوڵى تەواو بدەن بۆ بەدەمەوەچوونى ئەو خێزانە کە ئێستا لە نەخۆشخانەکانى پارێزگاى ورمێن لە رۆژهەڵاتى کوردستان و هەروەها دۆزینەوەى تاوانباران و بە سزاگەیاندنیان.

داواشى کردووە، سەلامەتى هاوڵاتییان پارێزراو بێت و رێگاچارەش بدۆزرێتەوە بۆ دوبارەنەبوونەوەى ئەو جۆرە حاڵەتانە و هاوڵاتییانى پارێزگاى هەڵەبجەش چاوەڕوانى ئەنجام و روونکردنەوە و بەدواداچوونى کونسوڵى ئێران دەکەن لەو بارەوە.

شەممەى رابردوو ژن و پیاوێکى دانیشتووى پارێزگاى هەڵەبجە دواى ئەوەى بۆ چارەسەرى نەخۆشى سەردانى ئێرانیان کرد، بەڵام بەر لە گەیشتنیان بۆ نەخۆشخانە دەرمانخواردکران و پارەکانیان لێسەندرا.

بە پێی وتەى کەسوکارەکەى، هێمن لەگەڵ هاوسەرەکەى و خەسووى دواى زیاتر لە پێنج ساڵ لە بێ هیوایی، بە هیواى بوونى مداڵێک روو لە نەخۆشخانەى ئورمییە دەکەن لە رۆژهەڵاتى کوردستان، بەڵام دواى گەیشتنیان بە سنورى ئێران، لەلایەن چەند کەسێکەوە بانگهێشت کران و لەوێ قاوەیان بۆ دانرا، بەڵام بەهۆى بوونى ژەهر لە قاوەکەدا هێمن و هاوسەرەکەى لەهۆش خۆیان چوون.

خەسووى هێمن بەهۆى نەخواردنەوەى قاوەکەوە سەلامەت دەرچوو، بەڵام کە زانیبووى قاوەکە ژەهراوى بووە، هاوارى لێ هەڵسا، ئەو کەسانەش کە دەرمانخواردیان کردوون چەقۆیەکیان لە خەسووی دا و برینداریانکرد، دواتر هەرسێکیانیان بردنە دەشتێک و لەوێش بۆ ئەوەى بمرن، ئاگر لە جەستەى ژن و پیاوەکەشیان بەردا و بەجێیان هێشتن و لە ئێستادا هەرسێکیان لە نەخۆشخانەى ئورمییە لە رۆژهەڵاتى کوردستان لەژێر چاودێرى پزیشکیدان.

ب.ب