سەردێڕ:

ئەمریکا.. ئەنجومەنی نوێنەران داوای نوسینەوەی مادەکانی لە سەرکارلابردنی تڕەمپ دەکات

فۆتۆ: 
2019-12-05

4628 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوای نووسینەوەی ماددەکانی لەسەرکارلادانی تڕەمپی کرد بۆ ئەوەی لە حاڵەتی پەسەندکردنیدا رەوانەی ئەنجومەنی پیران بکرێت.

نانسی پێلۆسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا داوای لە سەرۆکی لیژنەی دادی ئەنجومەنەکە کرد دەست بە نووسینەوەی ماددەکانی لەسەرکارلابردنی دۆناڵد تڕەمپ بکات.

جەختی لەوەشکردەوە، جگە لە بەردەوامبوون لەسەر پرۆسەی لەسەرکارلادانەکە، ھیچ رێگایەکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە.

رونیشیکردەوە، لە ئەمریکا ھیچ کەسێک لەسەروو یاساوە نییە و " ترەمپ لەپێناو دەستکەوتی سیاسیی خۆیدا، ھیچ حسابێکی بۆ ئاسایشی نیشتمانییمان نەکردووە و پۆستەکەی بە خراپ بەکارھێناوە و کردەوەکانی پێشێلکارییەکی جدیی دەستوورین."

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ یەکەم دانیشتنی لیژنەی دادی ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی پرۆسەی لەسەرکارلادان بەڕێوەچوو.

شەوی ڕابردوو بە کاتی کوردستان، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەبارەی تۆمەتبارکردنەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە کۆبووەوە و تێیدا، لیژنەی دادوەریی ئەنجومەنەکە ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی تۆمەتبارکردنی ترەمپەوە خوێندەوە.