سەردێڕ:

میدیای ئەمریکی: ئێران موشەکی بالیستی لە عێراقدا هەیە

فۆتۆ: 
2019-12-05

1801 جار خوێندراوەتەوە

میدیا ئەمریکییەکان باس لە هەبوونی موشەکی بالیستی ئێران لە عێراق دەکەن و بۆ هەواڵەکەشیان پشتیان بە سەرچاوەی سەربازی و هەواڵگری ئەمریکی بەستووە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئێران ژمارەیەک موشەکی بالیستی جۆری کورتمەودای بۆ چەند حەشارگەیەک  لە خاکی عێراقدا و لە سنووری عێراق – ئێراندا گواستووەتەوە.

کەناڵی سی ئێن ئێن-یش ئاماژەی بەوە کردووە، حەشارگەکە لە ناوچە شیعەنشینەکاندایە و هەندێک گروپی چەکداری شیعە یارمەتی شاردنەوەکەیانداوە.

بەگوێرەی میدیا ئەمریکییەکان، بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریکا، ئەو هەنگاوەی ئێران بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەزانن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، چاودێرانی دۆخی سیاسی عێراق پێیانوایە، ئێران هەژموونێکی گەورەی بەسەر لایەنە شیعەکانی عێراقەوە هەیە و ئەمریکاش هەموو هەوڵێک دەدات تا هەژموونی ئەو وڵاتە لە عێراقدا نەهێڵێت. لەلایەکی دیکەشەوە، لەماوەی ڕابردوودا، ئەمریکا چەندین بنکەی سەربازیی دەریایی لە کەناراوەکانی کەنداوی فارس لە بەری وڵاتە عەرەبییەکانەوە دامەزراندووە و ئێرانیش ئەوە وەکو هەڕەشەیەک لەسەر خۆی لێکدەداتەوە.