سەردێڕ:

ئەنجومەنی باڵای فەتوا کۆمەڵێک فەتوای نوێی دەرکرد

فۆتۆ: 
2019-12-05

14280 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، چوار فەتوای نوێی دەرکرد و لە ناویشیاندا باس لە حوکمی سەرکەوتنی ئافرەت بەتەنیا لەگەڵ تاکسیدا دەکات.

 لە نووسراوێکدا کە دوێنێ چوارشەممە، لە لایەن ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە، تیایدا چوار فەتوای نوێ دەرکراون، لەناویشیاندا باس لە حوکمی سەرکەوتنی ئافرەت بەتەنیا لەگەڵ شۆفێری تاکسیدا و ئەو پارەیەی کە شۆفێرەکە وەریدەگرێت دەکات.

 لە نووسراوەکەدا هاتووە "شۆفێری ئافرەت درووستنییە سەرنشینی پیاو هەڵگرێت"، دەربارەی شۆفێری پیاویش باس لەوە دەکات، "ئەگەر ئافرەت لە نەفسی خۆی دڵنیابوو، درووستە لە دواوەی تاکسیدا سەربکەوێت"، باس لەوەشکراوە "پێویستە ئافرەت بە شەواندا و بەتەنیا لەگەڵ شۆفێری نامەحرەمدا دەرنەچێت و نابێت ئافرەت بەتەنها بۆ دەرەوەی شار لەگەڵ تاکسی نامەحرەمدا بچێت".

 لە بەشێکی دیکەی فەتواکاندا دەربارەی جەمعکردنی خوێندکاران بۆ نوێژکردن لە کۆلێژ و پەیمانگاو خوێندنگاکاندا، باس لەوە کراوە "هیچ دەقێکی شەرعی نییە باس لە جەمعکردنی نوێژەکان بکات لە کاتی دەوام و خوێندندا"، دەشڵێن "جەمعکردنی نوێژەکان لە قوتابخانە و دامەزراوە و بازاڕەکاندا درووست نییە".

 هاوکات دەربارەی حوکمی سپیکردنی ئارد و جیاوازی کێشی بەرهەمە خۆراکییە لە کیس کراوەکان، باس لەوەدەکەن "ئەگەر ماددەی کیمایی یان ماددەی دیکەی زیانبەخش لە سپیکردنی ئارددا بەکاربهێنرێت، بەتایبەتیش ئەگەر سەلمێندرا زیانی بۆ تەندرووستی هەیە، یان بۆرکردنی ئاردی سپی بە ماددەی دیکە و فرۆشتنی بەناوی ئاردی جۆ، ئەوا درووستنییە".

 لەبارەی کێشی بەرهەمە خۆراکییەکانیشەوە ئاماژەییان بەوە داوە "پێویستە کێشی بەرهەمە خۆراکییەکە لەسەر کاغەز و قووتوی بەرهەمەکان بنووسرێت، ئەگەر کێشی بەرهەمەکە جیاواز بێت لەگەڵ کێشی نووسراوی سەر کاغەز و قووتووەکە، ئەوا درووستنییە، مەگەر بەگۆترە لە نێوان فرۆشیار و کڕیاردا بە رەزامەندی هەردوولا مامەڵەی پێوە بکرێت".

 باس لەوەش کراوە، لەبەر ئەوەی هۆکاری سرووشتی و گەرما و سەرما کاردەکەنە سەر کێشێ بەرهەمە خۆراکییەکان، واچاکترە لەسەر بەرگی کیس و قووتوەکاندا کۆمپانیا بنووسێت "ئێمە بەرپرس نین لە زیادکردنی کێشی بەرهەمەکانمان بە هۆی هۆکاری سرووشتییەوە"، ئاماژەییان بەوەشداوە "پێویستە ڕەچاوی نرخی بەرهەمەکان بکرێت بەپێی زیادکردن و کەمکردنی کێشی خواردنەمەنییەکان لە زستان و هاویندا".

H.A