سەردێڕ:

شانەی ئەمنی عێراق: پێنج موشەک ئاراستەی بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەنبار کران

بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ئەنبار
فۆتۆ: میدیاکان
2019-12-03

2665 جار خوێندراوەتەوە

شانەی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە، پێنج موشەک ئاراستەی بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە پارێزگای ئەنبار کراون.

کەمێک لەمەوبەریش، ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبارەوە بڵاویکردەوە، کە ئەمشەو سێشەممە، ٣ی کانونی یەکەم، پێنج موشەک ئاڕاستەی بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای پارێزگاکە، کراون.

هاوکات، میدیا عێراقییەکان ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە، موشەکەکان لە ناحییەی بەغدادی سەر بە پارێزگای ئەنبار، لەڕێگای بارهەڵگرێکی بچوکی جۆری کیاوە، تەقێندراون و هێزە ئەمنییەکانیش لە ئێستادا، دەستیان بەسەر شوێنی ڕووداوەکەدا گرتووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٤وە، بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی داعش لە عێراق و سوریا بەکاردەهێنێت.