سەردێڕ:

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر دۆخی عێراق لە کۆبوونەوەدایە

هۆڵی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، نیویۆرک - ئەمریکا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-12-03

2293 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بارەگای خۆی لە نیویۆرک، بۆ تاووتوێکردنی دۆخی سیاسی عێراق، لە کۆبوونەوەدایە.

ئێستا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بارەگای خۆی لە نیویۆرک، بە ئامادەبوونی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی یوئێن لە عێراق، جێنین هێنیس بۆ تاووتوێکردنی دۆخی سیاسی عێراق، لە کۆبوونەوەدایە و چاوەڕوان دەکرێت، نوێنەرەکەی یوئێن ڕاپۆرتی خۆی لەسەر دواین گەشەسەندنەکانی دۆخی عێراق بە ئەنجومەنەکە بدات.

لە ماوەی ڕابردوودا، نوێنەرە تایبەتەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نەخۆشخانەکانی بەغدای بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی بریندارەکانی نێو خۆپیشاندانەکان کردبوو و دواتر، لە باسی خۆپیشاندەرە بریندارەکاندا ئەوەی ڕاگەیاندبوو، "ئەوانە لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و شکۆی خۆیاندا دەکوژرێن و بریندار دەبن".

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە خۆپیشاندان لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی عێراقدا سەریهەڵداوە، بە جۆرێک کە لە دوای رووخانی ڕژێمی سەدام حسێنەوە لە ساڵی ٢٠٠٣، ئەمە یەکەمین خۆپیشاندانی گەورەی لەو شێوەیەیە لە عێراقدا.

بەپێی دوایین ئامارەکان، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە تائێستا، زیاتر لە ٤٠٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٥ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.