سەردێڕ:

ترەمپ: من نەبوومایە جەنگی سێیەمی جیهانی ڕوویدەدا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
فۆتۆ: رۆیتەرز
2019-12-03

11258 جار خوێندراوەتەوە

ئەمرۆ ترەمپ لە کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ دەربارەی زۆر بابەت و لەناویاندا، بەتایبەتی لەسەر جەنگی سێیەمی جیهانی، نەوتی سوریا و قسەکانی ماکرۆن کە وتبوی مێشکی ناتۆ مردووە، قسەیکردووە.

ترەمپ لەسەر جەنگی سێیەمی جیهانی
بە
گوێرەی ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی، ئەمرۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ جێنس ستۆلتەنبێرگ، سکرتێری پەیماننامەی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاندووە، کە ئەگەر ئەو نەبوایە ئەوا جەنگی سێیەمی جیهانی ڕوویدەدا. لەو بابەتەدا ئاماژەی بە پەیوەندی خۆیی و کیم جۆن ئون، سەرۆکی کۆریای باکور داوە، "ئەگەر پەیوەندییەکانی من نەبوایە لەگەڵ کیم جون ئۆن، ئەوا ئێستا هەموومان لە ناوەڕاستی جەنگی سێیەمی جیهانیدا بوین".

ترەمپ لەسەر نەوتی سوریا
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرزیش، ترەمپ ئەوەی ڕاگەیاندووە، داعش زۆر هەوڵی ئەوەیدا کە ناوچە نەوتییەکان بۆخۆی کۆنترۆڵ بکات، بەڵام دواجار ئەوان کۆنترۆڵیانکردووە و ئەوەی خۆیان بیانەوێت هەر ئەوە دەکەن و هێزەکانی ناوچەکەش لە سوریا (هێزەکانی سوریای دیموکرات) پشتگیریان دەکەن.

ترەمپ لەسەر ماکرۆن کە وتبوی مێشکی ناتۆ مردووە
هاوکات، هەر بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ترەمپ سەبارەت بە قسەکانی پێشتری ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کە بە گۆڤاری ئیکۆنۆمیست-ی راگەیاندبوو، مادام هیچ ئەندامیکی ناتۆ لەسەر ئەو هێرش و زیادەڕۆییانەی تورکیا دەیکاتە سەر سوریا نایەتە وەڵام، ئەوا ناتۆ مێشکی مردووە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، "ئەوە قسەیەکی ڕەق و ناشرینە بەرامبەر بە ٢٨ وڵاتی ئەندام لە ناتۆ، کە فەرەنساشی تێدایە، بیکەیت". ڕاشیگەیاندووە، ناکرێت وڵاتانی ئەوروپا چاویان لە ناتۆ بێت بیانپارێزێت و لەولاشەوە، بودجەی گونجاوی بۆ تەرخان نەکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمرۆ یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی ناتۆ (پەیماننامەی باکوری ئەتڵەسی)یە و سەرۆکی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە، لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، کۆبوونەوەی لوتکە ئەنجامدەدەن.