سەردێڕ:

ئەمریکا مەرجێکی تورکیا لەبارەی یەپەگەوە ڕەتدەکاتەوە

فۆتۆ: 
2019-12-03

10563 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ڕەتیدەکەنەوە یەپەگە وەک "رێکخراوێکی تیرۆرستی" لەقەڵەمبدەن، کە ئەمە تورکیا وەک مەرجێک بۆ پەسەندکردنی پلانێکی بەرگری ناتۆ دایناوە.

مارک ئیسپەر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، داوای لە تورکیا کرد، پلانەکەی هاوپەیمانی ناتۆ بۆ پاراستنی خاکی پۆڵەندا و وڵاتانی باڵتیک لە هەر هەڕەشەیەکی روسیا پەسەندبکات و چیتر ئەو پلانە دوانەخرێت.

وتیشی، "هەموو کەسێک ئەو هەڕەشانە نابینن کە ڕوبەڕوی ئەو چوار وڵاتە بوونەتەوە، بەڵام یەکگرتوویی ناتۆ پەیوەستە بە سەرنج خستنەسەر پرسە گەورەترەکان".

لەلایەکی دیکەوە، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ، رایگەیاند، تورکیا دژی پلانەکەی ناتۆ بۆ بەرگریکردن لە وڵاتانی باڵتیک دەوەستێتەوە، ئەگەر هاوپەیمانێتییەکە رەتیبکاتەوە هێزەکانی یەپەگە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بناسێنێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لوتکەی هاوپەیمانی ناتۆ لە وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەشدا، سەرۆکی تورکیا، راوێژکاری ئەڵمانیا، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و سەرۆکی فەڕەنسا کۆبوونەوەی چوارقۆڵی بەڕێوەدەبەن و تاوتوێی ئۆپراسیۆنی تورکیا دژ بە شەڕڤانان دەکەن.