سەردێڕ:

ئەمڕۆ سەرکردەکانى هاوپەیمانى ناتۆ کۆدەبنەوە

فۆتۆ: 
2019-12-03

1042 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە بەبۆنەی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی ھاوپەیمانێتییەکە کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لەبەریتانیا بەڕێوەبچێت.

لەسەروبەندی ٧٠ ساڵەى دامەزراندنی رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) سەرکردەی وڵاتانی ئەندام لە لەندەن بە بەشداری سەرکردەکان کۆدەبنەوە، کۆبوونەوەکەش بە خوانێک کە لە لایەن شاژنە ئەلیزابێسەوە رێکخراوە دەستپێدەکات و ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.

چاوەڕوان دەکرێت، لە کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆدا جەخت بکرێتەوە لەسەر ھاودەنگیی و ھاوڕابوون بۆ رووبەڕووبونەوەی ھەموو ھەڕەشەیەک بۆ سەر خاکی ناتۆ و پشتگیریکردن لە گرنگی ئەوروپا.

لە دوای لووتکەی ناتۆش، سەرکردەکانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا و تورکیا لووتکەی چوار قۆڵی سازدەکەن.

ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە بەردەوامبوون و داهاتووی پەیمانەکە گومان و گریمانەی زۆری لەبارەوە دەخرێتەڕوو.

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لەماوەی رابردوودا و لەکاتی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا باسی لەوەکردبوو کە ناتۆ توشی جەڵتەی مێشکبووە.

رونیشیکردبوەوە، هێرشی تورکیای ئەندامی ناتۆ بۆ سەر شەڕڤانانی هەسەدە، کە لە لایەن وڵاتانی خۆرئاواییەوە پاڵپشتی دەکرێن، نمونەیەکە بۆ سەلماندنی ئەوەی ناتۆ بەرەو پوکانەوە و لەناوچوون دەچێت.

هەر لەوبارەوە دیپلۆماتێکی باڵای ناتۆ رایگەیاندووە، لە یادی حەفتا ساڵەی پەیمانەکەدا نازانرێت دەبێت ئاهەنگ بگێڕن یان چاوەڕێی لەناوچوونی ناتۆ بن.

لەبەرامبەردا یانس ستۆڵتێنبێرگ سکرتێری ناتۆ رایگەیاندووە، پەیمانەکەیان بە تەواوەتی پارێزراوە و هیچ مەترسیەکی لەسەر نییە و سەرباری بوونی ناکۆکی لە نێوان هەندێک لە ئەندامان، بەڵام کار و هەنگاوی هاوبەشی زۆریان ناوە.

راشیگەیاندووە، لە دوای دەستبەسەرداگرتنی نیمچەدورگەی قرم لە لایەن روسیا، ناتۆ توانیویەتی خۆی بەهێزبکاتەوە.

ناتۆ، ساڵی ١٩٤٩ وەک پەیامنێکی بەرگریی سەربازی پێکهێنرا و لە ئێستادا لە ٢٩ وڵات پێکهاتووە کە زۆرینەیان ئەوروپین.