سەردێڕ:

پۆمپیۆ داوا لە وڵاتانی ئەوروپا دەكات لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران بکشێنەوە

فۆتۆ: 
2019-12-02

1593 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای لە وڵاتانی ئەوروپا كرد لە ڕێككەوتنەکەی ئێران دەربارەی چەكی ئەتۆمی ئەو وڵاتە بکشێنەوەو پێوەى پابەند نەبن.

ئەمڕۆ دووشەممە، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە وتارێكیدا كە لە زانكۆی لویفیلی ئەو وڵاتە پێشكەشیكرد، داوای لە سەرجەم ئەو وڵاتە ئەوروپییانە كرد كە ئەندامن لە ڕیككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێراندا، لەو ڕیككەوتنە بێنە دەرەوە و هیچ جۆرە هاریكاریەك لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا نەكەن، چونكە بە وتەی پۆمپیۆ "پابەندببون بەو ڕێككەوتنەوە لەبەرژەوەندی هیچ وڵاتێكی ئەوروپی و ئەمریكادا نییە".

پۆمپیۆ ئەوەشیڕاگەیاندووە "ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا لەو ڕیككەوتنە نەكشێنەوە، ئەوا سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت".

ئەمەش لەكاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا، لە ئایاری ٢٠١٨ دا بەفەرمی كشانەوەی وڵاتەكەی لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكی ئێران ڕاگەیاند، هاوکات چەند سزایەكی ئابوری و سیاسیشی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند.

لای خۆشیانەوە وڵاتانی ئەوروپی  پابەندبوونی خۆیان بەو ڕێككەوتنەوە دووپاتكردەوە و لەهەوڵی دروستكردنی پەیوەندی بازرگانیدان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران.