سەردێڕ:

ئەگەر شاژنی بەریتانیا گیان لەدەستبدات چی ڕوودەدات؟

فۆتۆ: 
2019-12-02

19581 جار خوێندراوەتەوە

شاژنە ئیلیزابێزی دووەم، کە ماوەی ٦٧ ساڵە لەسەر تەختی شاهانەیە، هێمایەکی دیاری کلتوور و ڕۆشنبیریی بەریتانیایە، هاوکات هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی ئەم شاژنەدا، زنجیرەیەک ڕووداوی سەیر ڕوودەدەن.

سەرەتا هەواڵی مردنەکەی دەبێتە هەواڵێکی گەرورە و سەرانسەری جیهان دەگرێتەوە، پاشان زنجیرەیەک ڕووداو و مەراسیمی تایبەت ئەنجام دەدرێت، کە یەکەم هەنگاوی ئەو زنجیرەیە ئەوەیە پیاوێک بە ڕەشپۆشی لە کۆشکی بوکینگهام دێتە دەرەوە، بۆ هەڵواسینی تێبینییەکی ڕەنگ ڕەش لەسەر دەرگاکانی کۆشک.

پاشان ڕەنگی ماڵپەڕی تایبەتی کۆشک دەگۆڕێت، هەر ئەو ماڵپەڕەش هەمان هەواڵ و نووسین بڵاو دەکاتەوە کە لەسەر دەرگاکانی کۆشك هەڵدەواسرێن.

هەروەها جۆرە زەنگێكی ئاگاداركرنەوە لەڕێگەی كەنیسەكانەوە لەسەرانسەری وڵاتدا لێدەدرێت، ئەو زەنگە بە "ڕاتس" ناسراوە و تەنها لەكاتی جەنگ یاخود كارەساتێكی گەورەی وڵاتەكەدا لێدەدرێت.

لە ساڵی ٢٠١١شدا، کریس برایس بەرهەمهێنەر لە "بی بی سی"، نوسیوویەتی "ئەگەر گۆرانی خەمبار لە ڕادیۆوە پەخشکرا مانای ئەوەیە شتێکی خراپ ڕوویداوە".

هەروەها نوسیوویەتی "ئەگەر گوێتان لە گۆرانی "هاونتید دانس هۆڵی سابرێس ئۆف پارادایس" بوو، لە ڕادیۆی ١، تەلەفزیۆنەکانتان دابگیرسێنن، شتێکی سامناک ڕوویداوە."

هەروەها لە کاتی مردنی شاژنی بەریتانیادا، هەواڵی خەمناک لە تەلەفزیۆنە سەرەکییەکانەوە پەخش دەکرێت، تەنانەت پەخشی بەرنامەکانی کەناڵی "بی بی سی" بۆ ماوەیەکی کاتی ڕادەگیرێت و هەواڵی مردنەکە بڵاودەکرێتەوە، بێژەرەکەش ڕەشدەپۆشێت هەر وەک ئەندامانی خێزانی شاهانە.

هاوکات لە کاتی گەشتە ئاسمانییەکاندا، فڕۆکەوانەکان هەواڵەکە ڕادەگەیەنن بە سەرنشینانی فڕۆکەکە.

لەگەڵ ئەوانەشدا ئەو ڕۆژەی تەرمی شاژنی تیا دەنێژرێت، دەکرێتە پشووی نیشتیمانی، لەلایەکی دیکەشەوە شازادە چارلز تاجی فەرمانڕەوایی لەسەر دەنرێت.