سەردێڕ:

سلێمانی.. نرخی ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی بۆ مانگی یانزە دیاریكرا

فۆتۆ: 
2019-12-02

11948 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی نرخی ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی ڕاگەیاند، لەنێوان حەوت بۆ هەشت هەزار دیناردا دەبێت.

لە ڕاگەیاندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانیدا ئەوە هاتووە، نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی لە سنووری سلێمانی بۆ مانگی یانزە، تشرینی دووەمی ٢٠١٩، بە سی و هەشت دینار و حەوتسەد‌ و پەنجا فلس دیاریكرا و مۆلیدەكانیش بەتێكڕایی لەنێوان ١٨٠ بۆ ٢٠٥ كاتژمێر كاریان كردووە، بەوەش نرخی یەك ئەمپێر كارەبا لە نێوان حەوت بۆ هەشت هەزار دیناردا دەبێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ مانگی دوانزە گۆڕانگاری تێدا كراوە و بەمجۆرەی خوارەوە دەبێت: لە كاتژمێر (٦:٣٠) شەش ‌و نیو بۆ (٨)ی بەیانی و لە كاتژمێر (١٢)ی نیوەڕۆ بۆ (١)ی شەو كاردەكەن و لە رۆژانی هەینیشدا، بەیانیان ئیشی پێناكرێت و لە بەرامبەردا لە كاتژمێر (١١)ی پێشنیوەڕۆوە ئیش بە مۆلیدەكان دەكرێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، باسیش لە ئەگەری دواکەوتنی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان لە پاش بڕینی کارەبای نیشتیمانی کراوە، "مۆلیدە ئەهلییەكان لە ماوەی (١٠) خولەكدا كاریان پێدەكرێت، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، هەموو ساڵێک لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزەکانی سەرما و گەرمادا، و بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر بەکارهێنانی، دۆخی کارەبای هەرێم خراپتر دەبێت و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی کەمتردەکرێتەوە.