سەردێڕ:

دەتوانرا چی بکرێت بەو ۱٥۲ ملیار دۆلارەی حکومەتی هەرێم دەستیکەوتووە؟!

فۆتۆ: 
2019-11-28

8082 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی بەدواداچوونەکانى ئێن ئاڕ تى لەماوەى ١٤ ساڵى رابردوودا حکومەتى هەرێم ١٥٢ ملیار دۆلارى دەستکەوتووە کە ئەگەر ئیمتیازاتی پلە باڵاکان و موچەی بندیواری ببڕیایە ئەوا پێویستی بە ٤٠%ى ئەو بودجەیە دەبوو بۆ موچە و بەڕێکردنی کاری ڕۆژانەی حکومەت و دامودەزگاکانی.

بەپێی بەدواداچوونەکانی تیمی ئابوری کەناڵی ئێن ئاڕ تی، لەماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٥ تا کۆتایی ٢٠١٨، حکومەتی هەرێمی کوردستان ١٥٢ ملیار دۆلاری دەستکەتووە، کە ٨٣ ملیار دۆلاری حکومەتی عێراق ناردویەتی وەک بودجەی ساڵانە و ٣٦ ملیاری دۆلاری هەرێم خۆی نەوتی فرۆشتووە بە بۆری و ٣٣ ملیاریش داهاتی ناوخۆبووە کە بۆ هەرمانگێک ٢٠٠ ملیۆن دۆلار دانراوە.

بۆ پشتڕاستکردنەوەی داتاکان،  بۆ پارەکەی حکومەتی عێراق پشت بە یاسای بودجەی حکومەتی عێراقی بەستراوە و لە وەقائعی عێراقی بڵاوکراوەتەوە، بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمیش پشت بە داتای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بەستراوە، بۆ داهاتی ناوخۆش داتای حکومەتی هەرێمە کە لە ئێستادا زۆر لەو بڕە زیاترە کە لەم ڕیپۆرتەدا دانراوە.

گریمان گەر حکومەتی هەرێم، حکومەتێکی کارامە بوایە و ئیمتیازاتی پلە باڵاکان و موچەی بندیواری ببڕیایە و تەنها موچە بۆ فەرمانبەرانی حکومەت و خانەنشینان سەرفبکرایە،  ئەوا پێویستی بە ٤٠%ى ئەو بودجەیە دەبوو بۆ موچە و بەڕێکردنی کاری ڕۆژانەی حکومەت و دامودەزگاکانی، واتە نزیکەی ٦١ ملیار دۆلار، کە ئەمە لە زۆرێک لە وڵاتان بودجەکە زۆر لەوە کەمترە کە دادەنرێت.

کەواتە هێشتا ٩١ ملیار دۆلار دەمایەوە پاش لێدەرکردنی موچە و بەڕێوەبردنی دامودەزگاکان، با بزانین دەتوانرا چی بکرێت بەو ٩١ ملیار دۆلارە؟

کێشەی ڕێگاوبان کۆتایی پێدەهات و لەڕێگەی هێڵی های وەیەوە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە) بە یەکتر و بەسەرجەم قەزا سەرەکییەکانی هەرێمەوە دەبەسترایەوە و  پێویستی تەنها بە ٨٠٠ کیلۆمەتر شەقامی خێرا(های وەی) هەیە، کە تێچووی کۆی پرۆژەکە ٦٤٠ ملیۆن دۆلارە.

دروستکردنی ٤ نەخۆشخانە  ٥٠٠ قەرەوێڵەیی و دابەشکردنی بەپێی چڕی دانیشتوان بەسەر ناوچەکاندا، کە باشترین وپێشکەوتووترین  نەخۆشخانە بڕی یەک ملیار دۆلاری پێویستە بە باشترین و نوێترین ئامێرە پزیشکییەکانەوە بۆ ئەوەی هیچ نەخۆشێک پێویستی بەوە نەبێت بچێتە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر، ئەم ٤ نەخۆشخانەیەش تەنها پێویستی بە ٤ ملیار دۆلارە.

دروستکردنی ٣٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون، کە لە ئێستادا ٣٠٠ هەزار خێزان هەن لە هەرێمی کوردستاندا یەکەی نیشتەجێبوی خۆیان نییە و کرێچین،  تێچووی هەر یەکەیەک ٤٠ هەزار دۆلاربێت، واتە تەواوی خێزانەکان لە هەرێمی کوردستان یەکەی نیشتەجێبونی خۆیان دەبوو،  و تەنها ١٣ ملیار دۆلاری پێویستە.

دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، لەڕێگەی دروستکردنی ٨ وێستگەی کارەبایی ٥٠٠ مێگاواتییەوە کە تەواوی ٤٠٠٠ مێگاواتەکەی پێداویستی هەرێمی کوردستان پڕدەکاتەوە و تێچووی پرۆژەکەش ٤ ملیار دۆلارە.

دروستکردنی دوو پاڵاوگەی گەورەی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەبڕی دووملیار دۆلار و چارەسەرکردنی تەواوەتی کێشەی بەنزین و نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان.

دروستکردنی ٤٠٠٠ خویندنگای ١٢ پۆلی بە بەرزترین کوالێتی و باشترین کەرەستە و کەلوپەلەوە، لە هەر پارێزگایەک ٥٠٠ خوێندنگا، کە تێچووی هەر خوێندنگایەک ٦٠٠ هەزار دۆلارە و سەرجەمی پرۆژەکە دووملیار و چوارسەد ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.

بەستنەوەی چوار پارێزگاکەی هەرێم بە هێڵی ئاسن پێکەوە و بە سنورەکان و مەرزەکانەوە کە تەنها پێویستی بە ٥٠٠ کیلۆمەتر هێڵی ئاسن هەیە و نرخی یەک کیلۆمەتر تەنها ٣ ملیۆن دۆلارە، واتە سەرجەمی پرۆژەکە تەنها یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.

ناشتنی یەک ملیار درەخت و نەمام بە بەهای یەک ملیار دۆلار کە ئەمەش دەبێتە ژمارەیەکی پێوانەیی و ڕێژەی سەوزایی لەهەرێمی کوردستان دەباتە سەروو ئاستی ستانداردی جیهانی.

دروستکردنی چوار پاڵاوگەی ئاوی زۆر گەورە و پێشکەوتوو لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بە بڕی ٢ ملیار دۆلار بەمەش کێشەی کەمئاوی بە تەواوی چارەسەردەکرا.

 دروستکردنی چوار کۆمەڵگەی زانکۆیی گەورە لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بە بەشە ناوخۆییەکانییەوە و بەسەرجەم پێداویستییەکانیەوە و بەپێشکەوتوترین ئامێر و پێداویستی و تاقیگە، ، کە ئەمەش بڕی  ٨ ملیار دۆلاری پێویستە.

پێدانی قەرز بەپرۆژەی کشتوکاڵی و پیشەسازی بە نزیکەی ٢٠٠ هەزار جوتیار و خاوەنکار بە بڕی نێوان ٥٠ هەزار دۆلار بۆ ١٠٠ هەزار دۆلار کە کۆی تێچووی ئەم پرۆژەیەش ١٠ ملیار دۆلارە و دواتر پارەکەش دەگەرێتەوە. بەمەش ٢٠٠ هەزار هاوڵاتی و جوتیار و خاوەن بیرۆکە دەبنە خاوەنکار و سەدان هەزار هەلی کاری تریش بۆ هاوڵاتییان دەڕەخسێنن.

دروستکردنی ٣٠ بەنداو لەنێوان بەنداوی بچووک و گەورە و مامناوەند لەسەر ڕووبار و ئاوەکانی هەرێمی کوردستان بە بودجەی ١٠ ملیار دۆلار.

واتە دوای ئەم هەموو پرۆژانە لە ٩١ ملیار دۆلارەکە، هێشتا نزیکەی ٣٣ ملیار دۆلار دەمێنێتەوە کە دەکرێت بە ١٣ ملیاریان بانکێکی گەورەی نێودەوڵەتی پێ دابمەزرێنرێت و لق لە چوار پارێزگاکەی هەرێم بکاتەوە بۆ پێدانی قەرز و ڕێکخستنی کاروباری دارایی هاوڵاتییان و بازرگانان.

سەرباری ئەم هەموو پرۆژانە هێشتا ٢٠ ملیار دۆلار دەمێنێتەوە کە دەکرا وەک پارەی یەدەگی هەرێمی کوردستان بۆ کاتی پێویست و تەنگانە دابنرایە.

ئەمە ئەو  پرۆژانەبوون کە دەکرا حکومەتی هەرێم لە ماوەی ئەو ١٤ ساڵی ڕابردوودا بە داهاتی تەنها ٧١ ملیار دۆلار بە ئەنجامی بگەیاندایە و بێجگە لە خزمەتکردن، ئابوری هەرێم بە تەواوی دەبوژایەوە و بێکاری لە ڕێژەی سفر نزیک دەبووە و هیچ خێزانێک نەدەما لەژێر هێڵی هەژارییەوە بێت و تەواوی خزمەتگوزارییەکانی هاوڵاتیان دابین دەکرا.

 بەڵام  ئێستا تۆی بینەر و تۆی هاوڵاتی بڕیار بدەن کە ئایا حکومەتی هەرێم چەندی لەم پرۆژانە جێبەجێکردووە؟ ئەی گەر نەیکردووە، ئەوا  کوا پارە و داهاتی ١٤ ساڵی رابردووی هەرێم؟

‌بەپەلە