سەردێڕ:

نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە سوریا کرد ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى لە باشوری وڵاتەکە ڕاگرێت

فۆتۆ: 
2018-06-23

1748 جار خوێندراوەتەوە

سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان داواى لە حکومەتى سوریا کرد دەستبەجێ ئۆپراسیۆنە سەربازیەکانى باشورى ڕۆژئاواى وڵاتەکە ڕابگرێت.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس کە بریارە ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا کۆبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى دواین پێشهاتەکانى سوریا، نیگەرانى خۆى لە زیادبوونى توندوتیژییەکان و دەستپێکردنى پرۆسەى سەربازى لەو ناوچانە ڕاگەیاند، کە بەوتەى ئەو دەبێتە هەرەشە بۆسەر ئاسایشى ناوچەکە.

داواشى لە سەرجەم لایەنەکان کرد پابەندى ئاگربەست بن وەک کارى لەپێشینە بۆ گەڕانەوەى ئارامى بۆ ناوچەکە کە هەزاران خێزان بەهۆیەوە ئاوارەبوون.

هاوکات نوێنەرى ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتوەکان داواى لە ڕوسیا کرد فشار بخاتە سەر حکومەتى سوریا تا پاڵپشتى بکات لە ڕێککەوتنەکانى لەسەر ئەو ناوچەیە.

لەلایەکى ترەوە ڕوانگەى سورى بۆ مافى مرۆڤ ڕایگەیاند، چەند هەلیکۆپتەرێکى حکومەتى سوریا ژمارەیەک بەرمیلى بۆمبڕێژکراوى بەسەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى ئۆپۆزسیۆن خستۆتە خوارەوە لە باشورى ڕۆژئاواى سوریا .

ئەمڕۆ شەممە لە واشنتۆن ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لەگەڵ مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا کۆدەبێتەوە و تاوتوێى دواین پێشهاتەکانى سوریا دەکات.

هـ،ڕ