سەردێڕ:

یەکێتى پیاوان: لە ساڵی ٢٠١٣وە ٣٨ پیاو لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژراون

فۆتۆ: 
2019-11-22

2017 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتیى پیاوان ڕایگەیاند، لە ساڵى ٢٠١٣وە تا ئێستا ٣٨ پیاو لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە بە هاوکاریى کەسانى دیکە کوژراون و لە ١١ مانگى ئەمساڵیشدا ٤٧٨ پیاو سکاڵایان لەسەر هاوسەرەکانیان تۆمارکردووە بەهۆى ئەنجامدانى توندوتیژی بەرانبەریان.

بەهۆی کێشەى لەگەڵ هاوسەر و کەسوکارەکەى، پێى لە ماڵ دابڕیوە و سێ ساڵە لە یەکێک لە ئوتێلەکانى شارى سلێمانى دەژى.

عەبدوڵا ٣٠ ساڵە هاوسەرگیریى کردووە و وەک خۆی دەڵێت، بەهۆى ئازاردان و بێڕێزیکردن بەرامبەرى، ناچار بووە لە ماڵ و حاڵى دوورکەوێتەوە، ئێستا ئەو یەکێکە لەو پیاوانەى سکاڵاى لاى یەکێتیى پیاوان تۆمارکردووە.

بەپێى ئامارەکانى یەکێتیى پیاوان، کە تاکە رێکخراوى داکۆکیکارە لەمافى پیاوان لە هەرێمى کوردستان، لە ماوەى شەش ساڵ و ١١ مانگى رابردوودا ٣٨ پیاو لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە بە هاوکارى کەسانى دیکە کوژراون.

هەر بەپێى ئامارەکان، لەماوەى ١١ مانگ و ١٥ رۆژى ئەمساڵدا ٤٧٨  پیاو سکاڵایان لەسەر هاوسەرەکانیان تۆمار کردووە بەهۆى ئەنجامدانى توندوتیژییەوە بەرانبەریان و ٤٧ پیاویش خۆیان کوشتووە و پێنج پیاویش کوژراون. کە بەراورد بە ساڵى ٢٠١٨ ڕێژەکە لە بەرزبونەوەدایە، بەو پێیەى ٤٥ پیاو خۆیان کوشتبوو و ٤ پیاویش کوژرابوون.

هەرچەندە، توندوتیژی بەرامبەر پیاوان سەرجەمیان تۆمار ناکرێن بەهۆى تۆمارنەکردنى سکاڵاوە، بەڵام توێژەران باس لەوە دەکەن بەشێکى زۆرى پیاوان توندوتیژى دەرونیان لەلایەن ژنەکانیانەوە بەرامبەر دەکریت.

ئەو توندوتیژیانەى بەرانبەر پیاوان ئەنجام دەدرێن زیاتر خۆیان دەبیننەوە لە قسەى نەشیاو و ئازاردانى دەروونى  و دەرکردن لەماڵ، هەندێکجاریش توندوتیژییەکان دەگەنە هێرشى جەستەیی و کوشتن بە هاوکارى کەسانى دیکە.