سەردێڕ:

یەکگرتوو داوادەکات سزاى لەسێدارەدان بەسەر بکوژانی مەلا وشیار ئیسماعیل جێبەجێ بكریت

فۆتۆ: 
2019-11-22

5453 جار خوێندراوەتەوە

یەکگرتووی ئیسلامی داوا لە سەرۆكایەتیی هەرێم دەکات بکوژانی مەلا وشیار ئیسماعیل بە سزای خۆیان بگەیه‌نن و، یاسایی لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت، كە لە دادگاوە بۆیان دەرچووە.

مەڵبەندی دووی هەولێری یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە ساڵیادی كوژرانی مه‌لا وشیار ئیسماعیل، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "تیرۆركردنی مه‌لا وشیار وتارخوێن و بانگخوازی ئیسلامی دیاری شاری هەولێر و كوردستان، بە دەستی رەش و چەپەڵی تیرۆرستان زۆر بە توندی ریسوا و شەرمەزار دەكەینەوە".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، یەکگرتووی ئیسلامی داوا لە لایەنە بەرپرس و پەیوەندیدارەكان ده‌كات، تۆڵەی مامۆستا وشیار لە بكوژانی بكەنەوە و جەخت لە جیێەجێكردنی یاسا و سەروەربوونی یاسا دەكەنه‌وه.

بەپێى بەیاننامەکە، یەکگرتوو بە جددی داواى لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان کردووە، "تاوانباران بە سزای عادیلانە و یاسایی خۆیان بگەیه‌نن، تا چیتر تاوانباران و دڵڕەشان نەتوانن دەست ببەن بۆ گیانی خەڵك و تێكدانی رەوشی ئارامی كۆمەڵگە".

شەوی ٢٢ى تشرینى دووەمى ٢٠١٦ لە گەڕەکی بەهار لە هەولێر، تەقە لە (د. وشیار ئیسماعیل) پێش نوێژ و وتارخوێن لە مزگەوتی عومەر بندیان، لە ماڵەکەى خۆیدا، کرا و، بە بریندارى گەیەنرایە نەخۆشخانەى فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر و گیانیلەدەستدا. دواى دەستگیرکردنیان، بکوژانى مەلا وشیار، کە دوو کەس بوون و ئاوەڵزاواى یەکتربوون، رۆژی چوارى ئایارى ٢٠١٧ دادگای تاوانەکانى هەولێر بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرکردن، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە نەچووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.