سەردێڕ:

لە خۆپیشاندانەکانى ئەمڕۆى بەغدا سێ خۆپیشاندەر کوژران

یەکێک لە دیمەنەکانى خۆیشاندانەکانى بەغدا
فۆتۆ: رۆیتەرز
2019-11-22

1636 جار خوێندراوەتەوە

خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و چەند شارێکى دیکە بەردەوامە و  تەنها لەمڕۆدا بەهۆى پێکدادانى هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران سێ کەس کوژران.

پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى رایگەیاند، کە ئەمڕۆ بۆ بڵاوەپێکردنى خۆپیشاندەرانى بەغدا گازى فرمێسکرێژ لەسەر پردێک لە ناوەڕاستى شارى بەغدا بەکارهاتووە و ٢٧ کەسیش برینداربوون.

بەوتەی سەرچاوە ئەمنییەکان دوو لە کوژراوەکان بەهۆى فیشەکەوە بووە و ئەوی دیکەشیان بەهۆی گازى فرمێسکڕێژەوە سەرى بریندار بووە و گیانى لەدەستداوە و دواتریش پێکدادان لەسەر پردى ئەحرار دروستبوو.

لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە خۆپیشاندان لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی عێراقدا سەریهەڵداوە، بە جۆرێک کە لە دوای رووخانی ڕژێمی سەدام حسێنەوە لە ساڵی ٢٠٠٣، ئەمە یەکەمین خۆپیشاندانی گەورەی لەو شێوەیەیە لە عێراقدا، بەپێی دوایین ئامارەکان، ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی عێراق زیاترە لە ٣٠٠ کەس، و زیاتر لە ١٥ هەزار خۆپیشاندەریش برینداربوون.

ئ.ر