سەردێڕ:

وەزیری نەوتی عێراق: پێدەچێت لەساڵی نوێوە هەرێم نەوت ڕادەستی بەغدا بکات

فۆتۆ: 
2019-11-22

3882 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٩ دا هەرێمی كوردستان یەك قەترە نەوتی بۆ بەغدا نەناردووە، بڕیارە لە سەرەتا ساڵی نوێوە ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی حكومەتی ناوەندی بكات.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی عەهدی عێراقی، سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، لەمساڵدا هەرێم هیچ بڕە نەوتێكی ڕادەستی حكومەتی عێراق نەكردووە، بەڵكو هەتا ئێستاش هەرێم خۆی نەوت دەفرۆشێت. ئاماژەی بەوەش كردووە، بەپێی ئەو ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنانەی لە نێوان هەرێم و بەغدادا كراوە، چاوەڕوان دەكەن لە سەرەتا ساڵی ٢٠٢٠وە هەرێم ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بكات و لە ڕێگەی سۆمۆوە دەفرۆشرێت.

ئەو وەزیرە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە مانگی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم ڕۆژانە ٤٤٠ هەزار بەرمیل نەوتی دەرهێناوە.

فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە تا ئێستا بە چەقی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دادەنرێت و، دەسەڵاتدارانی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٣وە لەژێر ناوی سیاسەتی ئابوریی سەربەخۆ دەستیانكرد بە فرۆشتنی نەوت بەبێ ڕەزامەندی حكومەتی عێراق، بەوەش بارودۆخێكی ئابوریی خراپ ڕووی لە دانیشتووانی هەرێم كرد و دەستەواژەكانی نیوموچە و بایكۆت و پاشەكەوت هاتنە ناو فەرهەنگی سیاسیی كوردستانەوە. دواجار بەرپرسانی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراق ڕێکكەوتن لەسەر ناردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بۆ بەغدا لەلایەن هەرێمەوە و، لە بەرامبەریشدا حكومەتی ناوەندی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابیندەكات.