سەردێڕ:

فڕۆكەوانێكی ساختەكار فڕۆكەخانەكانی جیهانی هەڵخەڵەتاندووە

فۆتۆ: 
2019-11-22

50866 جار خوێندراوەتەوە

پیاوێكی هیندی بەجلوبەرگێكی ساختەی فڕۆكەوانی و پێناسێكی ساختەوە زۆربەی فڕۆكەخانەكانی جیهانی هەڵخەڵەتاندووە و خۆی وەك فڕۆكەوان پیشانداوە.

ڕۆژنامەی ''تایمز ئۆف ئیندیا'' ی هیندی بڵاویكردووەتەوە، ''راجان مەحبوبانی'' ماوەیەكی زۆرە بە جلوبەرگی فڕۆكەوانی تایبەت بە كۆمپانیای فڕۆكەوانی ''لۆفتاهنزا''ی ئەڵمانیەوە فڕۆكەخانەكانی هەڵخەڵەتاندووە و توانیویەتی بچێنە ناو فڕۆكەكانەوە و كورسی خۆڕایشی پێدراوە، هەندێكجار لە شوێنی ستافی فڕۆكەكەش دانیشتووە و تائێستا ١٥ جار لە فڕۆكەخانەكانی جیهانەوە گەشتیكردووە و لەهیچ خاڵێكی پشكنین ڕانەوەستێنراوە.

ئەو پیاوە كە تەمەنی ٤٨ ساڵە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە كاتی سەركەوتنی بۆ ناو فڕۆكەیەك كە بەنیازبوو بۆ ''كالكتا''ی هندستان گەشتبكات، لەفڕۆكەخانەی غاندی نێودەوڵەتی لە نیودەلهی دەستگیركرا.

 پاش دەستگیركردنی راجان مەحبوبانی، پۆلیسی هیندستان ڕایگەیاند، فەرمانبەرانی كۆمپانیای فڕۆكەوانی ئەڵمانیا ئاگاداریانكردونەتەوە كە گومانیان لە كەسێك هەیە جلو بەرگی فڕۆكەوانی سەر بەو كۆمپانیایەی لەبەردایە و، دواتر وردبینی لە پێناسەكەیدا كراوەو دەركەوتووە ئەو كەسە ماوەیەكی زۆرە فڕۆكەخانەكانی هەڵخەڵەتاندووە.

ئەوپیاوە سەرجەم كارە ساختەكارییەكانی فڕۆكەخانەكانی بە مۆبایلەكەی تۆماركردووە و لەهەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویكردووەتەوە.