سەردێڕ:

ئیسرائیل.. بۆ جاری دووەم نەتوانرا حکومەت پێکبهێندرێت

بێنی گانتز، سەرۆکی پارتی شین و سپی ئیسرائیل
فۆتۆ: میدیاکان
2019-11-21

923 جار خوێندراوەتەوە

لە ئیسرائیل، لە ماوەی ساڵێکدا دووجار هەڵبژاردن کراوە و لە دوو هەوڵی پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتەشدا بۆ پێکهێنانی حکومەت، شکستیانهێناوە.

بێنی گانتز، سەرۆکی پارتی شین و سپی (ناوی پارتەکەی لە ڕەنگەکانی ئاڵای ئیسرائیلەوە وەرگیراوە)، دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند، ئەو ریوڤن ریڤلین، سەرۆکی ئیسرائیلی ئاگادارکردووەتەوە کە ناتواندرێت حکومەت پێکبهێنرێت.

پێشتریش، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی وڵات و سەرۆکی پارتی لیکود، شکستهێنانی خۆیی لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ، بە سەرۆکی وڵات، ڕاگەیاندبوو.

شکستەکانی پێکنەهاتنی ئەو حکومەتە نوێیە لەوکاتەوە سەریهەڵدا کە ئەڤیگدار لیبەرمان، وەزیری پێشووی بەرگری ئیسرائیل، بەهۆی ئاگربەستەکەی ئەم دواییەی غەززە، دەستی لەکارکێشایەوە و ئاگربەستەکەی بە "خۆڕادەستکردن بە تیرۆر" ناوبرد، ئەوەش بووە هۆی سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکی گەورە لە نێوان پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە و لە هاوکارییکردنی یەکتری بۆ پێکهێنانی حکومەت، لەماوەی دیاریکراوی خۆیدا، دوورکەوتنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، یاساکانی ئیسرائیل هەتا ٢١ ڕۆژی دیکە ڕێگە بە هەر ئەندامێکی کنێست، پەرلەمانی ئیسرائیل دەدات تا ئەوە بکەن کە هەریەک لە ناتانیاهۆ و گانتز نەیانتوانی بیکەن. ئەوەش بە کۆکردنەوەی ٦١ دەنگ و ڕازیکردنی فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان بەدەستدەهێنرێت. بەڵام ئەگەر ئەوە ڕووینەدا، ئەوا لە مانگی ئازاری ساڵی داهاتوودا، بۆ جاری سێیەم و لەسەریەک، هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا بەڕێوە دەچێت.

H.B