سەردێڕ:

UN: دان پێدانانى ئەمریکا بە جوولەکەنشینەکانى فەلەستین پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتییە

فۆتۆ: 
2019-11-21

1363 جار خوێندراوەتەوە

كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان هەڵوێستی بەرامبەر نیشتەجێکردنى جوولەكەنشینەكان لەسەر خاكی فەڵەستین، نەگۆڕە و ئاماژە بەوەدەكات دان پێدانان بە یەکەنیشتەجێبووەکانى جوولەکە لە بەرى خۆرئاواى فەلەستین لە لایەن ئەمریکاوە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتییە.

رۆبێرت كۆڵڤێڵ وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤى سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆنفراسێکى رۆژنامەوانیدا لە جێنڤ كاردانەوەی نیشاندا سەبارەت بەو هەڵوێستەی ئەمریكا كە لەبارەی جوولەكەنشینەكانەوە لە كەناری رۆژئاوای فەلەستین رایگەیاندووە.

كۆڵڤیڵ رەخنەی لە بڕیارەكەی ئیدارەی ئەمریكا گرت لەوەی جوولەكەنشینەكان بە نایاسایی لەقەڵەم نادا و وتى"هەڵوێستێكی سیاسی وڵاتێك، هیچ لە یاسای نێودەوڵەتی و هەڵوێستی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەو پرسە ناگۆڕێت".

رۆژی دووشەممە، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رایگەیاندبوو كە لەمەودوا جوولەكەنشینەكان لە كەناری رۆژئاواى فەلەستین بە نایاسایی لەقەڵەم نادەن و ئەوەش کاردانەوەى ناوخۆى فەلەستین و سەرانى وڵاتانى عەرەب و ئەوروپاى لێکەوتەوە.