سەردێڕ:

فەرمانى دەستگیرکردن بۆ چەند بەرپرسێکى کەرکوک دەرکرا

فۆتۆ: 
2019-11-20

7280 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، فەرمانی دەستبەسەرکردنیان بۆ جێگری پارێزگاری کەرکوک بۆ کاروباری هونەری و، سەرۆکی پێشووی زانکۆی کەرکوک و، ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی شارەکە دەرکردووە.

دەستەی دەسپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاويکردەوە، بەگوێرەی ماددەی ٣٣١ لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستبەسەرکردن بۆ یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی کەرکوک بۆ کاروباری زانستی و بەرپرسی پێشووی کۆلێژی یاسا و سەرۆکی بەشی یاسا دەرکراوە.

هەر لە ڕاگەيەندراوەکەدا هاتووە، بەگوێرەی ماددەی ٣٤٩ لە یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ١٠ لە ئەمیندارانی پێشووی لقی کەرکوکی کۆگاکانی نەوت دەرچووە، کە ئەو ئەمیندارانە لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٥ تاوەکو ٢٠١٨ بەرپرسیار بوون.

باس لەوەش کراوە، بەگوێرەی ماددەی ٣٢٢ی هەمان ياسا، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ قائیمقامی پێشووی دوبزیش دەرچووە.

بەهۆى ململانێى سیاسى حزبە کوردییەکانەوە پڕکردنەوەى پۆستە ئیدارییەکانى کەرکوک بووەتە چەقى ناکۆکییەکانى لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەتیش هەردوو پارتى دەسەڵاتدار لە هەرێمى کوردستان، لە ئێستاشدا حکومەتى ناوەندى عێراق گۆڕانکارى لە بەرپرسانى یەکە ئیدارییەکانى ئەو شارەدا دەستپێکردووە.